سێ سه‌رۆكایه‌تییه‌كه‌ی عیراق داوای په‌له‌كردن له‌ پێكهێنانی حكومه‌تی نوێ ده‌كه‌ن

16/01/2020 عێراق

نه‌وا
هه‌رسێ سه‌رۆكایه‌تییه‌كه‌ی عیراق له‌باره‌ی دۆخی وڵاته‌كه‌وه‌ كۆبوونه‌وه‌ و جه‌ختیان له‌ دوورخستنه‌وه‌ی عیراق له‌ ناكۆكییه‌كان و په‌له‌كردن له‌ پێكهێنانی حكومه‌تێكی نوێ كردۆته‌وه‌.
هه‌ریه‌ك له‌ به‌رهه‌م ساڵح سه‌رۆك كۆماری عیراق، عادل عه‌بدولمه‌هدی سه‌رۆك وه‌زیرانی كاربه‌ڕێكه‌ر و محه‌مه‌د حه‌لبورسی سه‌رۆكی په‌رله‌مانی عیراق كۆبونه‌وه‌، به‌پێی راگه‌یه‌ندراوێكی سه‌رۆكایه‌تیی كۆمار، به‌شداربووانی كۆبوونه‌وه‌كه‌ رێككه‌وتن له‌سه‌ر درێژه‌دان به‌ بنه‌مای پارێزگاریكردن له‌ به‌رژه‌وه‌ندیی عیراق و ئاسایشی سیاسی و دارایی له‌ چوارچێوه‌ی هه‌ڵوێستێكی نیشتیمانیی هاوسه‌نگدا له‌كاتی قه‌یرانی ناوچه‌یی و نێوده‌وڵه‌تییدا، تاوه‌كو عیراق له‌ ناكۆكییه‌كان به‌دووربگیردرێت.
سه‌رۆكایه‌تیی كۆمار ئاشكراشیكردووه‌، له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا جه‌ختكرایه‌وه‌ له‌سه‌ر گرنگیی په‌له‌كردن له‌ پێكهێنانی حكومه‌تێكی نوێ و جێبه‌جێكردنی داواكارییه‌كانی چاكسازی له‌ زۆربه‌ی ئاسته‌كانی سیاسی و ئابوری و خزمه‌تگوزارییدا، به‌جۆرێك پارێزگاری له‌ سه‌روه‌ریی عیراق و ئاسایشی هاووڵاتیانی بكات، له‌ ئاست هه‌ڕه‌شه‌ی تیرۆریستاندا بێت تاوه‌كو سه‌ركه‌وتنی یه‌كجاری به‌دیدێت.
راگه‌یێنراوه‌كه‌ ئاماژه‌ به‌وه‌ش ده‌كات، ئاماده‌بووانی كۆبوونه‌وه‌كه‌ جه‌ختیان كرده‌وه‌ له‌سه‌ر پێویستیی پارێزگاری له‌ سه‌روه‌ریی نیشتیمانی و رێگریكردن له‌ ده‌ستوه‌ردانی ده‌ره‌كی.

شەپۆلەکانی نەوا

  • زۆرترین خوێندراو
  • دواترین هەواڵ
Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group