بەرهەم ساڵح: عیراق نابێتە پێگەیەك بۆ هێرشكردنە سەر وڵاتانی دراوسێ

18/01/2020 عێراق

نەوا
سەرۆك كۆماری عیراق بە وەزیری دەرەوەی ئوردنی راگەیاندووە، وڵاتەكە نابێتە گۆڕەپانی جەنگ و شوێنی هێرشكردنە سەر وڵاتانی دراوسێ.
بەگوێرەی راگەیەندراوێكی نوسینگەی راگەیاندنی سەرۆك كۆماری عێراق، بەرهەم ساڵح لە كۆشكی سەلام لە بەغدا پێشوازیكرد لە ئەیمن سەفدی وەزیری دەرەوەو كاروباری تاراوگەی ئوردن و شاندی یاوەری و سەبارەت بە دواپێشهاتەكانی ناوچەكەو جیهان و پرسە هاوبەشەكانی نێوان هەردوو وڵات گفتوگۆكرا.
لەبەشێكی دیكەی راگەیەندراوەكە هاتووە، لەدیدارەكەدا سەرۆككۆمار جەختی لە پێویستی بەرجەستەكردنی بنەماكانی ئاشتی و سەقامگیری و دورخستنەوەی جەنگ و ناكۆكییەكان لە ناوچەكەدا كردەوە، كە دەبێتە هۆی لاوازكردنی توانا مرۆیی و مادییەكان، هاوكات تەئكیدی لە پەنابردنە بەر زمانی گفتوگۆی راستەقینەو روون و ئاشكرا بۆ چارەسەركردنی قەیرانەكان كردەوە.
هەروەها  بەرهەم ساڵح ئاماژەی بەوەشكرد كە عێراق هەرگیز نابێتە پێگەیەك بۆ دەستدرێژیكردنە سەر وڵاتانی دراوسێ یان گۆڕەپانێك بۆ یەكلاییكردنەوەی بەرژەوەندیەكان، و هەوڵیش دەدات ببێتە فاكتەرێكی گرنگ بۆ كۆكردنەوەی برایان و دۆستان، بەجۆرێك خزمەت بە بەرژەوەندییە هاوبەشەكان بكات، ھاوكات ببێتە هۆكاری بەهێزكردنی ئاشتی و ئارامی لە ناوچەكە و جیهاندا. 


شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group