"مەترسییەكان لە سەر ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم بەردەوامە"

25/01/2020

نەوا-كاروان مەحمود 


بڕیارەدەی لیژنەی ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم لە پەرلەمانی كوردستان رایدەگەیەنێت، مەترسییەكان لە سەر ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم بەردەوامەو تەنها بە گەڕانەوەی هێزی پێشمەرگە بۆ ئەو ناوچانە دەتوانرێت دۆخەكە كۆنترۆڵبكرێت.
عەبدولناسر عەلی بڕیاردەی لیژنەی ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم بە رادیۆ نەوای راگەیاند، مەترسی لەسەر ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم هەیەو پرۆسەی تەعریب بەردەوامەو داگیركردنی زەوییە كشتوكاڵییەكان و بەناو كردنی عەرەبە هاوردەكان لەوناوچانە دەكرێت و خێزانە كوردەكان لە شوێنی خۆیان دەردەكرێن بەتایبەت لە گوندەكان.
بڕیاردەی لیژنەی ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم لە پەرلەمانی كوردستان وتیشی: "وەكو لیژنەكەمان چەند جارێك هەوڵمانداوە سەردانی بەغدا بكەین و خراپی دۆخی ئەو ناوچانە بگەیەنینە حكومەتی عیراق و پەرلەمانتارانی ئەنجومەنی نوێنەران بەڵام بەهۆی تێكچوونی دۆخی بەغداو خۆپیشاندانەكان نەتوانرا سەردانەكە ئەنجامبدرێت، بۆ ئەوەش داوامان كردووە لە حكومەتی هەرێمی كوردستان لەكاتی سەردانی شاندی حكومەتی هەرێم بۆ پرسی نەوت و بودجە كێشەی ئەو ناوچانەش بخرێتە بەرنامەی گفتوگۆكان بەڵام ئەوانیش لە ئێستادا بەهۆی دیاری نەكردنی سەرۆك وەزیران و دۆخی ئێستای عیراق نەیانتوانیوە سەردانەكە بكەن".
عەبدولناسر عەلی ئاماژەی بەوەشكرد، چارەسەری ئەو دۆخە مەترسیدارەی ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم تەنها بەگەڕانەوەی هێزی پێشمەرگە دەكرێت بەوەش دەبێت كاری جدی بۆ گەڕانەوەی هێزی پێشمەرگە بكرێت ئیتر بە رێككەوتن دەبێت یاخود بە هەر جۆرێكی كە بێت.


شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group