راپەرێكی ئەمریكی بە 99 ساڵ زیندانیكردن سزادرا

03/02/2020 هەمەڕەنگ

نەوا
كومان ویلسۆن راپەری ئەمریكی بە تاوانی كوشتنی دایكی، لەلایەن دادگای فیدراڵیی ئەمریكاوە لە شیكاگۆ سزای زیندانیكردنی 99 ساڵی بۆ دەركرا.
ئەو راپەرە بە "یۆنگ كیو سی"ش بەناوبانگە و پاش ئەوەی تۆمەتبار كرا بە كوشتنی دایكی، لەلایەن دادوەرەوە سزای 99 ساڵ زیندانیكردنی بۆ دەركرا، بكوژەكەش كە ناوی یوجین سپنسەرە سزای 100 ساڵ زیندانیكردنی بۆ دەركرا، چونكە دایكی راپەرەكەی لە ساڵی 2012دا كوشتوە.


ویلسۆن تەمەنی بۆتە 30 ساڵ و 7 ساڵ لەمەوبەر پەنای بۆ بكوژەكە بردوە بۆئەوەی دایكی بۆ بكوژێت، كە ناوی یۆلاندا هولمز بوە و لە كاتی كوشتنەكەیدا لە شوقەكەیدا بوە لە شیكاگۆ.
دادوەر لە كاتی قسەكردنی لە دۆسیەكەدا، ئاماژەی بەوەكرد، دایكە كوژراوەكە هەموو شتێكی بۆ كوڕە راپەرەكەی كردوە، ئۆتۆمبێلی پێداوە و كاری بۆ دابینكردوە، بەڵام كوڕەكەی بەو جۆرە پاداشتی چاكەكانی دایكی داوەتەوە.
بەگوێرەی گرتە ڤیدیۆییە تۆماركراوەكان، راپەرەكە پاش كوشتنی دایكی بە چەند مانگێك، بڕی 70 هەزار دۆلاری لە بانك راكێشاوە و لە جلوبەرگی بریقەداردا خەرجی كردوە، هەروەك دەستكاری ئۆتۆمبێلەكەی كردوە، كە لە جۆری فۆرد موستانگ بوە و لەلایەن دایكیەوە بۆی كڕدرابو.
لە گرتەیەكی دیكەی ڤیدیۆییشدا ویلسۆن دەردەكەوێت و پارە بەسەر هەوادارەكانیدا دەبەخشێتەوە و گوایە چاكەیان دەداتەوە.
لە پاش خوێندنەوەی سزاكەشی، ویلسۆن وتی "دەمەوێت تەنها ئەوە بڵێم، كە هیچ كەسێك نییە هێندەی من دایكمی خۆشویستبێت..دایكم هەموو شتێكم بوو..تەنها ئەوەندەم هەیە بۆ وتن".

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group