پۆلیسی سلێمانی: چوار كەس بە تۆمەتی هەڵكوتانە سەر یانەیەكی شەوانە دەستگیركران

14/02/2020

نەوا
پۆلیسی سلێمانی ڕایگەیاند، مەفرەزەكانی بنكەی پۆلیسی سەرچنار و بەشی پۆلیسی فریاكەوتن چوار تۆمەتباریان دەستگیركرد كە هەڵیانكوتابووە سەر یانەیەكی شەوانەو دەستدرێژییان كردبووە سەر چەند كەسێك.
بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی لە ڕاگەیەندراوێكدا دەڵێت، "دوای ئەوەی پەیوەندی بەبەشی پۆلیسی فریاكەوتنی سلێمانییەوە كرا كە چوار تۆمەتبار هەڵیانكوتاوەتە سەر یانەیەكی شەوانەو دەستدرێژییان كردۆتە سەر چەند كەسێك‌و تەقەشیان كردووە، دەستبەجێ‌ مەفرەزەكانی بەشی پۆلیسی فریاكەوتن گەیشتنە شوێنی ڕوداوەكە". 
پۆلیس دەڵێت، "  بە هەماهەنگی و لەلایەن بنكەی پۆلیسی سەرچنارەوە توانرا هەرچوار تۆمەتبارەكە دەستگیربكرێن كە ئۆتۆمبێلێكی جام ڕەشیان پێبووە و چەند قەوانێكیش لەشوێنی ڕوداوەكە كۆكراوەتەوە".
بەپێی ڕاگەیەندراوەكەی پۆلیس، هەر چوار تۆمەتبارەكە كە "پیشەیان پێشمەرگەیە، بەفەرمانی دادوەرو بەپێی ماددەی 430 لەیاسای سزادانی عیراقی ڕاگیراون".


شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group