په‌رله‌مانتارێكی پارتی: ناكرێت به‌ ته‌له‌فۆن كابینه‌ی حكومه‌تی عیراق پێكبهێنرێت

15/02/2020 عێراق
نه‌وا
په‌رله‌مانتارێكی پارتی له‌ به‌غدا ده‌ڵێت، كابینه‌ی حكومه‌تی عیراق به‌ ته‌له‌فۆن پێكنایه‌ت، به‌دوریشی ده‌زانێت سبه‌ینێ ده‌نگ به‌ كابینه‌كه‌ی محه‌مه‌د تۆفیق عه‌للاوی بدرێت.
ناسڕ یوسف ئه‌ندامی په‌رله‌مانی عیراق له‌ فراكسیۆنی پارتی، له‌میانی به‌شداریكردنی له‌ گفتوگۆی "نیو كاژێر"ی رادیۆ نه‌وادا، باسی له‌ گفتوگۆكانی محه‌مه‌د تۆفیق عه‌للاوی كرد بۆ پێكهێنانی حكومه‌تی نوێی عیراق و وتی "له‌گه‌ڵ هه‌ندێك له‌ فراكسیۆنه‌كان كۆبۆته‌وه‌، هه‌روه‌ها ره‌نگه‌ به‌ ته‌له‌فۆن له‌گه‌ڵ پارتی و یه‌كێتی قسه‌ی كردبێت، به‌ڵام بۆ پێكهێنانی كابینه‌یه‌كی خزمه‌تگوزار و رزگاركردنی عیراق له‌م دۆخه‌ ئاڵۆزه‌، پێویسته‌ عه‌للاوی زیاتر هه‌ست به‌ به‌رپرسیارێتی بكات، چونكه‌ ئه‌گه‌ر ئه‌و بێمتمانه‌ییه‌ی هه‌یه‌ له‌نێوان پێكهاته‌كاندا به‌رده‌وام بێت، كابینه‌كه‌ی عه‌للاوی زۆر ناخایه‌نێت.
په‌رله‌مانتاره‌كه‌ی پارتی ره‌خنه‌ی ئه‌وه‌شی له‌ عه‌للاوی گرت، كه‌ زۆر باسی بێلایه‌نبون ده‌كات، له‌كاتێكدا خۆیشی له‌لایه‌ن چه‌ند فراكسیۆنێكی شیعییه‌وه‌ راسپێردراوه‌، هه‌روه‌ها ئه‌وانه‌ی له‌ په‌رله‌مانی عیراق ده‌نگ به‌ كابینه‌كه‌ی ده‌ده‌ن سه‌ربه‌ لایه‌نه‌ سیاسییه‌كانن.
ناسڕ یوسف وتیشی "ناكرێت له‌ رێگه‌ی ته‌له‌فۆنه‌وه‌ كار له‌سه‌ر پێكهێنانی حكومه‌ت و چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كان بكرێت". به‌دوریشیزانی سبه‌ینێ په‌رله‌مانی عیراق ده‌نگ به‌ كابینه‌كه‌ی عه‌للاوی بدات.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group