بەشیر حەداد: ئەگەر هەر لایەنێك حكومەتی عیراق لەئێستادا پێكبهێنێت ئەوا بە ملهوڕی لەدایكدەبێت

22/02/2020 عێراق

نەوا-سەعید عەبدوڵڵا-هەولێر
بەشیر حەداد جێگری دووەمی سەرۆكی پەرلەمانی عیراق دەڵێت "تائێستا وادەی دانیشتنی پەرلەمانی عیراق بۆ پێدانی متمانە بە كابینەكەی محەمەد تۆفیق عەللاوی دیار نییە و سیڤی وەزیرەكان نەگەیشتوەتە پەرلەمان". دەشڵێت، كورد داوای شتێكی عەجیبی نەكردوە و تەنها دەیەوێت خۆی نوێنەرەكانی لەو كابینەیەدا دیاری بكات.
لە پەراوێزی پانێلی كوردستان و كاریگەری روداوەكان، كە ئەمڕۆ كارەكانی لە هەولێر بەڕێوەچو، بەشیر حەداد لە لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا وتی "عیراق لەسەر بنەمای تەوافوق دامەزراوە، كە سێ دەسەڵات و بنەمای هەیە تێكدانی هەر یەكێك لەو بنەمایانە تێكدانی كارگێڕی و سیستمی حوكمڕانی عیراقە، بۆیە ئەوەی محەمەد تۆفیق عەللاوی دەیكات مایەی سەرسوڕمانە، چونكە كورد داوای شتێكی خراپی نەكردوە تەنها دەڵێت با وەزیرە كوردەكان بەویستی خۆمان بێت ئەویش قبوڵی نەكردوە و مایەی سەرسوڕمانە، بۆ ماف بە كورد نەدرێت؟ بەڵام بە لایەنەكانی تر بدرێت ئەوەش دۆخێكی هەستیارە و تێكدانی بەرژەوەندی بەیەكەوە ژیان و حوكمڕانیی عیراقە".
لەبارەی ئەگەری كۆبونەوەی رۆژی دووشەممەی پەرلەمانی عیراقیش، كە سەرۆك وەزیرانی كاربەڕێكەر داوای كردوە بۆئەوەی متمانە بە كابینەی نوێ بدرێت، بەشیر حەداد باسی لەوەكرد "سەرۆك وەزیران داوای دانیشتن دەكات، بەڵام دەستەی سەرۆكایەتی دانیشتن دیاری دەكەن، ئێمەش داوامان نەكردوەو كاتمان دیاری نەكردوە، ئەو كۆبونەوەیە نائاساییە بۆیە دەبێت پێشتر سیڤیەكان بێنە پەرلەمان و دواتر بەرنامەی كار دادەنرێت لیژنەیەكیش سەرپەرشتی بەڕێوەچونی كۆبونەوە دەكات و پاشانیش پرۆگرامێك دادەنرێت، بەڵام تائیستا هیچ نەكراوە بۆیە ناكرێت داوای دانیشتنی پەرلەمان بكرێت، لەكاتێكدا هیچ كام لە رێكارەكانی ئەو دانیشتنە نەگیراوەتەبەر، سەرۆكایەتی پەرلەمان وادەی دانیشتنی دیاری نەكردوە و دیار نییە كورد بەشداری دەكات یان نا بۆیە ئەگەر دیاری بكرێت بەدەرە لە رێكارە یاساییەكان".
جێگری دووەمی سەرۆكی پەرلەمانی عیراق ئاماژەی بەوەشدا، بڕیار لەسەر ئەو كابینەیە نادەن و رەزامەندنابن لەسەر كابینەكەش، ئەگەر هەر لایەنێك ئەو حكومەتە پێكبهێنێت بە ملهوڕی لەدایك دەبێت و سودی بۆ عیراق نابێت، بۆ دانیشتنی پەرلەمانیش هیچ ناوێك لەو كابینەیەدا دیار نییە كە كێ چ وەزارەتێكی بەردەكەوێت، چونكە عەللاوی دەڵێت "خۆم وەزیرەكان دیاری دەكەم". كوردیش دەڵێت "نەخێر دەبێت نوێنەری خۆمان، خودی خۆمان دیاری بكەین".


شەپۆلەکانی نەوا

  • زۆرترین خوێندراو
  • دواترین هەواڵ
Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group