نەوا
لە ئێران ژمارەی ئەو كەسانەی بەهۆی كۆرۆناوە گیانیان لەدەستداوە لە بەرزبوونەوەدایە و پێشنوێژی مزگەوتی گەورەی شاری قوم-یش، سەرۆكی ئەمریكا بە پیلانگێڕی لە دژی پێگەی شارەكە تۆمەتبار دەكات.
عەلی ئاقازادە پارێزگاری (پارێزگای مەركەزی)ی ئێران رایگەیاند، بەهۆی كۆرۆناوە كەسێك لەو پارێزگایە گیانی لەدەستداوە، بەوەش ژمارەی ئەو كەسانەی لە ئێران بەهۆی ڤایرۆسەكەوە گیانیان لەدەستداوە گەیشتە شەش كەس.
هاوكات بە فەرمی توشبونی 28 كەس بە ڤایرۆسەكە لە ئێران پشتڕاستكراوەتەوە.
زۆربەی توشبوان و ئەوانەی گیانیان لەدەستداوە خەڵكی شاری قومن، كە گەورەترین شاری ئایینی ئێرانە و حەوزەی عیلمیی شارەكە ناوبانگێكی زۆری هەیە.
لەو چوارچێوەیەشدا محەمەد سەعیدی پێشنیوێژی مزگەوتی گەورەی قوم رایگەیاندوە، دوژمنان دەیانەوێت شارەكە ناسەقامگیر نیشان بدەن و تۆڵەی شكستەكانیانی لێبكەنەوە.
وتیشی "دۆناڵد ترامپ سەرۆكی ئەمریكا دەیەوێت زەبری كوشندە لە پێگەی كلتوری و ئایینی قوم بوەشێنێت". بەڵام بە -وتەی خۆی- رێگەنادەن ئەو پیلانە سەربگرێت و دوژمنان ئەو ئاواتەیان دەبەنە گۆڕەوە.