پارێزەری كچە هەشت ساڵانەكە: چەندین تۆمەتباری كەیسی دیكەی تاوان هەن و دەستگیرنەكراون

23/02/2020

نەوا-سەعید عەبدوڵڵا-هەولێر
دەستەیەك لە پارێزەران داكۆكی لە كەیسی ئەو كچە تەمەن هەشت ساڵە دەكەن كە لەلایەن سێ كەسەوە دەستدرێژی سێكسی كراوەیەسەرو ئەیاد كاكەیی سەرۆكی لقی هەولێری سەندیكای پارێزەرانیش داوا لە حكومەت دەكات سەرجەم تۆمەتبارانی كەیسەكانی دیكە دەستگیربكات، چونكە چەندین تۆمەتباری دیكەی هەڵاتو هەن لە هەرێمدا.
ئەیاد كاكەیی لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: دەستەیەكی راوێژكاری بەخۆبەخشی داكۆكی لەو كەیسە دەكەین، خەڵكی كوردستان دڵنیادەكەینەوە كەوا لە قۆناغەكانی لێكۆڵینەوەو دادگایی و پێداچونەوە بە وردی لە دادگاكان بەرگری دەكەین، ناكەوینە پێش بڕیارەكانی دادەوەری دادگای تایبەتمەند، هەندێ شت هەیە دەبێتە رێگر بۆ ئەوەی پێش روداوەكان نەكەوین .
وتیشی: دۆسیەكە بەشێكی لەقۆناغی لێكۆڵینەوەیە و بەشێكی لە قۆناغێكی دادگاییە، بەشێك لە تۆمەتباران دەستگیركرابون بەشێكیان دەستگیرنەكرابون، هەوڵەكانیش بۆ ئەوەیە راستی روداوەكە بۆ سەرجەم خەڵكی كوردستان دەربكەوێت.
ئەیاد كاكەیی داوا لە حكومەتیش دەكات چۆن لەسەر ئەو دۆسیەیە هاتەدەنگ لەسەر هەموو دۆسیەكان بەو جۆرە بێتە دەنگ چونكە چەندین تۆمەتباری تری هەڵاتوو هەیە، ئەو كەیسە تاكە كەیس نییە، بەڵكو چەندین كەیستی تر هەن، پێویستە حكومەت لەسەر دۆسیەكانی تر بێتە دەنگ بۆ ئەوەی چیتر تۆمەتباران داگاكان لەكەدار نەكەن و سەرەوەری یاسا پێشێل نەكەن، دەستگیرنەكردنی تۆمەتباران لەسەر كەیسەكان دەبێتەهۆی پێشێلكردنی سەروەریی یاسا .
لای خۆیشیەوە لوقمان ئیسماعیل باوكی ئەو كچەی دەستدرێژی كراوتە سەر رایگەیاند: سوپاسی ئەو پارێزەرانە دەكەم كە بەو ئەركە هەستاون، چونكە ئەو منداڵە تاوانێكی گەورەی بەرامبەر كراوە، ئەو تاوانە تەنها لە بەرامبەر منداڵی من نەكراوە منداڵی دیكەش تاوانی لەو جۆرەی لەبەرامبەر كراوەو كەسوكاریان دەیشارنەوە، بەڵام من بێدەنگ نابم لە بەرامبەر ئەو تاوانە گەورەیە .
وتیشی: چەندین جار هەڕەشەیان لێكردوم تەنانەت بە كوشتنیش هەڕەشەیان لێكردوم، بەڵام بەردەوام دەبم تا مافی ئەو منداڵە وەردەگرمەوە، داوا لە سەرۆك و جێگری حكومەت و سەرجەم حزب و لایەنەكان و هەموو ئەو كەسانە دەكەم، كە هاتونەتە دەنگ لەسەر ئەو كەیسە رێگری بكەن لە دەستێوەردانی حزبی و دەرەكی بۆ ئەوەی ئەو منداڵە نەبێتە سوتەمەنی.


شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group