كۆرۆنا گەیشتە بەحرێن و كوێت و ئەفغانستان، عیراقیش دەروازەی سەفوان دادەخات

24/02/2020 جیهان

نەوا
قوربانیانی ڤایرۆسی كۆرۆنا لە بەرزبونەوەی بەردەوامدایە و ژمارەی توشبوان گەیشتوەتە 79 هەزار و 566 كەس. لە ئیسرائیل دووەم حاڵەتی ڤایرۆسەكە راگەیەندرا و كوێت و بەحرێن و ئەفغانستان-یش یەكەم حاڵەتیان تۆماركرد.
بەگوێرەی ماڵپەڕی www.worldometers.info، ژمارەی توشبوان بە ڤایرۆسی كۆرۆنای نوێ‌ گەیشتوەتە 79 هەزار و 566 كەس، لەو ژمارەیە 25 هەزار و 103یان چاكبونەتەوە، هەروەها 2 هەزار و 620یان گیانیان لەدەستداوە.
بەپێی هەمان داتا، لەئێستادا 51 هەزار و 879 كەس لە نەخۆشخانەكاندا ماون و باری تەندروستی 11 هەزار و 569یان ناجێگیرە.
لەلایەكی دیكەوە كەناڵەكانی راگەیاندنی ئێران بڵاویانكردوەتەوە، ژمارەی توشبوان بە ڤایرۆسی كۆرۆنا لە وڵاتەكەیان گەیشتوەتە 43 كەس و تائێستا 12كەسیان گیانیان لەدەستداوە.
لای خۆیشیەوە محەمەد باقر سەرۆكی رێكخراوی بەرنامە و بودجە لەو وڵاتە رایگەیاندوە، 530 ملیار تومەن-یان تەرخانكردوە بۆ روبەڕوبونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنای نوێ.
حكومەتی ئیسرائیلیش ئاشكرایكردوە دووەم حاڵەتی توشبون بە ڤایرۆسی كۆرۆنایان تۆماركردوە.
لەلایەكی دیكەوە وەزارەتی تەندروستیی كوێت ئاشكرایكرد، یەكەم حاڵەتی ڤایرۆسی كۆرۆنای نوێ-یان تۆماركردوە، كە سێ كەسن پێكەوە لە شاری مەشهەدی ئێران بون و لەگەڵ گەڕانەوەیان دەركەوتوە هەرسێكیان توشی ڤایرۆسەكە بون.
بەهۆی گەیشتنی ڤایرۆسەكە بە كوێت، حكومەتی عیراق بڕیاری دا دەروازەی سنوریی سەفوان لەگەڵ كوێت دابخات.
هەر ئەم بەیانییە لە بەحرێن و ئەفغانستانیش یەكەم حاڵەتی توشبونی هاووڵاتیانیان بە ڤایرۆس راگەیاند.
لەلایەكی دیكەوە ئاژانسی هەواڵی "فرانس پرێس"ی فەرەنسی بڵاویكردەوە، كە ژمارەی گیان لەدەستدانی توشبوانی كۆرۆنا لە ئێران گەیشتوەتە 12 كەس.


شەپۆلەکانی نەوا

  • زۆرترین خوێندراو
  • دواترین هەواڵ
Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group