قەتڵوعامی موسڵمانانی هیندستان و چین و میانمار بۆچی دەگەڕێتەوە؟

04/03/2020

نەوا-محەمەد فاتیح
بەشێك لە ئێمەی مرۆڤ كاتێك مێرولەیەك ئازار دەدەین یان كاتێك زیانمان پێدەگەیەنن دەیانكوژین، دڵگران دەبین و ویژدانمان ئازارمان دەدات، بەڵام هەندێ كاتیش لە دڕندە خراپترین و دەستمان دەچێتە خوێنی یەكتری و ماڵی یەكتری وێران دەكەین .
ستەمەكردن كارێكی قێزەوەنە بەرامبەر هەرچ مرۆڤێك بكرێت بە دەر لە ئایدۆلۆژیای ئەو مرۆڤە و هەڵگری چ بیروباوەڕ و بۆچونێكە، لەم سەدەیە كە بە سەدەی پێشكەوتن و تەكنەلۆژیا و مافی مرۆڤ ناسراوە، زۆر سەیرە تاكو ئێستاش موسڵمانانی میانمار و هیندستان و چین ستەمیان لێدەكرێت و دەچەوسێنرێنەوە و ئازار و ئەشكەنجەدەرێن و دەكوژرێن و ماڵ و مزگەوتەكانیان وێران دەكرێن.
هیندستان
ئیسلام دووەم گەورەترین ئایینە لە هیندستان و نزیكەی 14.2%، 172 ملیۆن كەس سەر بەو ئایینەن و هەر لە سەدەی حەوتی زایینیەوە ئیسلام گەیشتوەتە هیندستان و تێكەڵبونێكی رۆشنبیرانەی بەرچاویش هەیە لە نێوان موسڵمانان و هیندۆسیەكان لە هیندستان.

بەپێی وتەی مێژوو نووس ویل دیورانت فتوحاتی ئیسلامەكان لە نیمچە كیشوەری هیندستان خوێناویترین چیرۆكە لە هەمو مێژودا، هەروەها مێژونوس ئالان دانیلۆ دەڵێت: لە نزیكەی ساڵی 632 دوای زایینی پاش ئەوەی موسڵمانەكان گەیشتنە هیندستان كەوتنە تاوانی كوشتن و سەربڕین و وێرانكاری، بەهەمان شێوە مێژوو نووس فرنان برۆدیل، سەردەمی ئیسلام لە هیندستان بە سەردەمێكی داگیركاری و پڕ لەتوندوتیژی وەسف دەكات و دەڵێت موسوڵمانەكان دەستیان كردوە بە سوتاندن و لەسێدارەدان و هەڵواسین و ئەشكەنجەدانی جۆراوجۆر و وێرانكردنی پەرستگاكانی هیندۆسیەكان و ناچاركردنیان بە گۆڕینی ئایینەكەیان بۆ ئیسلام.
هۆكاری پێكدادانەكانی نێوان موسڵمانان و هیندۆسەكانی هیندستانیش هەر بۆ چەند رەگێكی مێژووی كۆن دەگەڕێتەوە كە پەیوەستە بە چونی موسڵمانەكان بۆ نیمچە كیشوەری هیندستان، چونكە لەپاش ئەو كارەساتانەی بەسەر هیندوسیەكانیان هێنا ئەوانیش دەستیان كرد بە تۆڵە كردنەوە و پێكدادانە خوێناویەكانی نێوان موسڵمانان و هیندۆسەكان بە گەورەترین هەژمار دەكرین لەهیندستان چونكە خاوەنی گەورەترین دوو ئایینی جیاوازن لەو وڵاتە، لە ئێستاشدا كە بەسەردەمی عەولەمە ناسراوە و بەسەدان رێكخراوی نێودەوڵەتی و جیهانی هەن بۆ داكۆكیكردن لە مافی مرۆڤ، ستەمێكی گەورە لە موسڵمانانی هیندستان دەكرێت و ئەشكەنجەدەدرێن و دەكوژرێن و ماڵ و مزگەوتەكانیان وێران دەكرێن و مافەكانیان پێشێلدەكرێن.
چین

بەپێی سەرژمێرێكی رەسمی حكومەتی چین، ژمارەی موسوڵمانانی چین و توركستان دەگاتە 24 ملیۆن كەس بەڵام سەرژمێرە ناڕەسمیەكان ئاماژە بەوە دەكەن كە ژمارەكەیان دەگاتە 100 ملیۆن كەس.
موسوڵمانان لە ڕێگای فتوحاتەوە گەیشتونەتە چین و لەوێ نیشتەجێبونە و لە سەردەمی مەغۆلەوە تێكەڵی كۆمەڵگای چین بونە و پلە و پایەی گرنگی دەوڵەتیان بە دەستهێناوە و ئیسلام رێزێكی تایبەتی هەبوە لە چین، بەڵام لەسەردەمی مانشۆ لە ساڵی 1862 ی زایینی سەردەمی ستەم و چەوساندنەوەكانی موسڵمانەكان بوو، چەندەها راپەڕین سەریهەڵدا و بۆیە هۆی كوژرانی بە هەزاران لە موسوڵمانان و لەسەردەمی دەسەڵاتی شیوعیەكان كە لە ساڵی 1949 دەسەڵاتیان گرتە دەست، ستەم و سەركوتكردنی موسوڵمانان زیاتر پەرەی سەند تاكو وای لێهات لە ساڵی 1966 بۆ ساڵی 1976، بە ئاشكرا و لەسەرجادەكان دەستدرێژی دەكرایە سەر پیاوانی ئایینی موسڵمانان و هەڵیان دەكوتایە سەر ماڵی موسڵمانان و قورئان و پەرتوكە ئیسلامیەكانیان بە ئاشكرا و لەسەر جادەكان دەسوتاند و مزگەوتەكانیشیان داخست و تەنها یەك مزگەوتیان هێشتەوە، هەروەها پشوە ئیسلامیەكانیان هەڵوەشاندەوە و ئیسلامەكان ناچار كران بەوەی جلوبەرگی ئیسلامی لەبەر نەكەن بەڵكو دەبێت جلێكی شین بپۆشن .
بەهەمان شێوە لە سەدەی بیست و یەكدا دەسەڵاتداری حزبی شیوعی چین بەردەوامە لە ستەمكردن لە موسڵمانان و ئازار و ئەشكەنجەدان و چەوساندنەوەیان بە هەموو جۆرێك، و ئاینەر بیلیفیت بڕیاردەری نەتەوەیەكگرتوەكانی تایبەت بە ئازادی ئایینەكان، حكومەتی چینی بەوەتۆمەتباركرد كە سیاسەتی سەركوتكردنی بەرامبەر بە موسوڵمانان گرتوەتەبەر و باسی لەچەند چیرۆكێكی تۆقێنەركرد كە حكومەتی چین دژ بە موسوڵمانان ئەنجامی داوە .
میانمار
موسڵمانانی میانمار بە كەمینە هەژمار دەكرێن بەرامبەر بە زۆرینە بوزیەكان و رەچەڵەكیان دەگەڕێتەوە بۆ موسوڵمانەكانی هیندستان و چین، یەكەم موسوڵمان كە لە میانمار باسكراوە ناوی بیات وی بوە لەسەردەمی پاشا مون ساتون لە نزیكەی ساڵی 1050 ی زایینی، وەك دەڵێن لەترسی ئەوەی ئەو موسوڵمانە زۆر بەهێز بوە پاشاكە كوشتوێتی .

 

سەرەتای سەرهەڵدانی چەوساندنەوە و سەركوتكردنی موسوڵمانەكانی میانمار لە سەردەمی پاشا باینتوانگ لە نێوان ساڵەكانی 1550 بۆ 1589 دەستی پێكرد كاتێك كە لە ساڵی 1559 دەستی گرت بەسەر باگۆدا، و بەهۆی دەمارگیری ئایینیەوە، سەربڕینی پەلەوەر و ئاژەلی بەشێوازی حەڵاڵ قەدەغەكرد و رێگری لە موسوڵمانان كرد چەژنی قوربان بكەن و قوربانی تیا بكەن، هەروەها خەڵكەكەی بە زۆر ناچار كردوە گوێ لە وتاری بوزیەكان بگرن و بەزۆرە ملێ و بە زەبری هێز ناچاری كردون ئاینەكەیان بگۆڕن .
لە حوزەیرانی ساڵی 2012 نزیكەی دوو هەزار كەس دەربەدەربون كە زۆرینەیان موسوڵمان بون بەهۆی توندوتیژی تایەفەگەرێتیەوە، و بە وتەی رێكخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی، بەهۆی پێشێلكردنی مافەكانیان، زۆربەی موسوڵمانانی میانمار رایانكردوە بۆ بەنگلادیش و تایلەند، هەر بەپێی سەرژمێریەكی حكومەتی میانمار لە ساڵی 2016 دەركەوتوە رێژەی موسوڵمانان لەساڵی 1983وە بۆ ساڵی 2016 لەو وڵاتە لە 3.9% وە كەمیكردوە بۆ 2.3% .
بەڵام ئەوەی جێگای سەرسوڕمان و تێڕامانە، ئەو نەهامەتی و كارەساتەی موسڵمانان خۆیان بەسەر خۆیانیان هێناوە، هیچ دووژمنێك هێندە ئازاری نەداون، كارەساتبارترینیان كۆمەڵكوژكردنی نەوەكانی پێغەمبەری ئیسلام بوە بە دەستی ئیسلام و بە ناشرینترین و دڕندانەترین شێوە و زۆربەیان و لەنێوانیاندا ئیمامی حوسێنی كچە زای پێغەمبەر سەریان لەلاشەیان جیاكراوەتەوە ، و ئەم نەهامەتی و كارەساتانی ئیسلام خودی خۆی بەسەر خۆیدا دەیهێنێت لە دوای كۆچی پێغەمبەری ئیسلامەوە تاكو ئێستاش هەر بەردەوامە و تازەترین و ناشرینترین نمونەشی دەوڵەتی ئیسلامی داعشە و ناكۆكی و ناتەبایی و نادادپەروەری و ستەم و زۆرداری تاكو ئێستاش لەنێو موسڵمانەكاندا بەربڵاوە!.


شەپۆلەکانی نەوا

  • زۆرترین خوێندراو
  • دواترین هەواڵ
Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group