سەرۆكی حكومەت: كاریگەرییە نێگەتیڤەكانی ئەم بارودۆخە لە رۆژانی داهاتوودا زیاتر بەدیار دەكەوێت

14/03/2020

نەوا
مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان، وتارێكی تایبەت بە رێوشوێنەكانی رووبەڕووبوونەوەی پەتای ڤایرۆسی كۆرۆنای پێشكەش كرد و رایگەیاند، كە پێویستە هەموو لایەك هاوكاری یەكتر بن، بۆ ئەوەی ئەو دۆخە سەختەش تێپەڕێنن.

لە بەشێكی دیكەی وتارەكەیدا، مەسرور بارزانی سوپاسی هاووڵاتیان دەكات كە پابەندی رێنمایی و رێكارەكانی خۆپاراستن بوونە و حكومەت لە پێناو تەندروستی ئەوان گرتوونیەتەبەر.

هەر لە وتارەكەیدا، داوا لە خاوەن موڵكەكان دەكات كە رەچاوی ئەم بارودۆخە و گوزەرانی دوكاندارە كرێچییەكان بكەن بۆ ئەوەی هەردوولا بەهاوبەشی تەحەمولی زیانەكان بكەن و ئەركی كرێچییەكان سووك بكرێت.

دەقی وتارەكەی مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان:

بەناوی خوای گەورە و میهرەبان

هاووڵاتییانی خۆشەویست:

ئەم كاتەتان باش

دەمەوێ لەم دەرفەتەدا راستەوخۆ باسی رێوشوێنەكانی رووبەڕووبوونەوەی پەتای ڤایرۆسی كۆرۆناتان بۆ بكەم.

بەر لە هەر شتێك، سوپاستان دەكەم بۆ پابەندبوونتان بەو رێنمایی و رێكارانەی لە چەند هەفتەی رابردوودا بۆ سەلامەتی ئێوەی بەڕێز گرتمانەبەر. پشتیوانیی و هەماهەنگی ئێوەی بەڕێز زۆر گرنگە بۆ سنوورداركردنی هەرچی زیاتری بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەكە.

لێرەدا بە پێویستی دەزانم سوپاسی لێژنەی وەزاری بۆ رووبەڕووبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا و لایەنە پەیوەندیدارەكان بكەم، كە وێڕای هەوڵدانیان بۆ پاراستنی هاووڵاتیان، بەردەوامن لە دابینكردنی پێداویستیی رۆژانەی خەڵك و كۆنترۆڵی بازاڕەكان. جیگەی خۆیەتی سوپاسی تایبەتی وەزارەتی ناوخۆ و هێزەكانی  پۆلیس و ئاسایش و یەكە ئیدارییەكان و هەروەها وەزارەتی تەندروستی بكەم كە بە شێوەیەكی مەیدانی شەو و رۆژ لە خزمەتی هاووڵاتیان بەردەوامن. سوپاس و پێزانینم  ئاراستەی ئەو تیمە فریاگوزاریی و پزیشك و پەرستارانە دەكەم كە لە ریزی پێشەوەن و ژیانی خۆیان لەپێناو سەلامەتی ئێمەدا، دەخەنە مەترسییەوە.

ئاشكرایە هەرێمی كوردستان وەك هەموو ناوچەكانی تری دنیا، رووبەڕووی هەڕەشەیەكی چاوەڕواننەكراو بووەوە كە ئەویش پەتای ڤایرۆسی كۆرۆنایە.

حكومەتی هەرێمی كوردستان لە پێش زۆربەی وڵاتانی دنیادا بوو بۆ گرتنەبەری رێوشوێنەكانی خۆپارێزی و دەركردنی رێنمایی تەندروستی. ئەوەبوو هەر زوو بودجەیەكی فریاگوزاریمان تەرخان كرد و هەنگاوی پێویستمان نا بۆ سنوورداركردنی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا، وەك: راگرتنی خوێندن لە قوتابخانە و زانكۆ و پەیمانگاكان، كەمكردن و تەنانەت ڕاگرتنی دەوامی دامودەزگاكان و  سنوورداركردنی هاتوچۆ لە دەروازە سنوورییەكان و نەهێشتنی گردبوونەوەی گشتی و ئەنجامدانی پشكنینی پلەكانی گەرمای لەش  لە فرۆكەخانە و دەروازە سنوورییەكان. دوای دیراسەكردنی دۆخەكەش، بڕیارماندا هاتووچۆی نێوخۆی پارێزگاكانی هەرێمی كوردستان وهەروەها لەگەڵ ناوچەكانی دیكەی عێراقیش رابگیرێت تەنیا بۆ حالەتی زۆر پێویست نەبێت. ئێستاش لە قۆناغێكداین كە پێویستە هاتووچۆی ناو خودی شار و شارۆچكەكانیش سنووردار بكرێت.

هاووڵاتییانی بەڕێز

ئێمە هەموو هەوڵێك دەدەین بۆ پاراستن و سەلامەتی ئێوەی خۆشەویست. ئەو رێكارانەی دەگیرێنەبەریش هەمووی لە پێناو سەلامەتی ئێوەیە. بەتایبەتی قەدەخەكردنی هاتووچۆ لە پێناو ئەوەیە كەمترین پەیوەندی هەبێت و ئەو كەسانە بدۆزرێنەوە كە هەڵگری ڤایرۆسەكەن بۆ ئەوەی كەسانی تر تووش نەبن.

ئێمە بەرپرسیارین بەرامبەر ئێوە، ئێوەش بەرپرسیارن بەرامبەر بە خۆتان و كەسوكار و ناسیاو و هاووڵاتییانی تر. بۆیە ئەگەر هەموومان بە حكومەت و هاووڵاتییانەوە لە سەرتاسەری هەرێمی كوردستان هاوكاری یەكتر بین و رێنماییەكان جێبەجێبكەین، دەتوانین رێگری لە بڵاوبوونەوەی ئەو پەتایە بكەین و چەند زووتریش ئەوە بكەین، زووتر دەتوانین ژیان ئاسایی بكەینەوە. 

ئەم پەتایە كە هەرێمی كوردستان و زیاتر لە سەد وڵاتی دنیای گرتووەتەوە، زیانی گیانیی هەبووە. تا ئێستا لە هەرێم 28 هاووڵاتی تووشبوو هەیە و یەك كەسیش گیانی لە دەستداوە. لێرەدا سەرەخۆشی لە كەسوكارەكەی دەكەم و هیوای زوو چاكبوونەوەش بۆ نەخۆشەكان دەخوازم.

بەداخەوە دەبێ بڵێین كاریگەرییە نێگەتیڤەكانی ئەم بارودۆخە لە رۆژانی داهاتوودا زیاتر بەدیار دەكەوێت. بەڵام سەرەڕای ئەمەش هەر یەكێك لە ئێمە دەتوانێت رۆڵێكی كاریگەری لە رێگەگرتن لە تەشەنەكردنی ڤایرۆسەكەدا هەبێت. بۆیە داواتان لێدەكەم پابەندبن بە رێنماییە تەندروستییەكانی وەزارەتی تەندروستی و بەردەوام دەستەكانتان بشۆن و هاتووچۆ و تێكەڵاوبوونی نێوانتان زۆر سنووردار بكەن  و هەتا بۆتان دەكرێت لە ماڵەوە بمێننەوە. هەركاتێكیش هەستتان بە نیشانەكانی تووشبوون بە ڤایرۆسەكە كرد پەیوەندی بە هیڵی گەرمی 122 بكەن بۆ ئەوەی هاوكاری و رێنمایی پێویستتان پێشكەش بكەن.

هاووڵاتیانی بەڕێز

هەڕەشەكانی ڤایرۆسەكە بۆ سەر ژیانی خەڵك و هەروەها لێكەوتەكانی بۆ سەر بارودۆخی ئابووریمان زۆر جیددی و سەختن. بەڵام ئێوە ئاگادارن كە لە رابردوودا هەڕەشەی زۆر مەترسیدارترمان رووبەرووبووەتەوە، بۆ نموونە بەدەیان جار رووبەڕووی ستەم و دیكتاتۆری و تیرۆر وەستاوین و سەركەوتووش بووین. بۆیە دڵنیام ئەمجارەش بە هاوكاریكردنی یەكتر و لە بەرچاوگرتنی رێنماییە تەندروستییەكان، دەتوانین یەكگرتووانە ئەو دۆخە سەختەش تێپەڕێنین.

لێرەدا داواش لە لایەنە پەیوەندیدارەكانی حكومەت و خاوەن موڵكەكان دەكەم كە رەچاوی ئەم بارودۆخە و گوزەرانی دوكاندارە كرێچییەكان بكەن بۆ ئەوەی هەردوولا  بەهاوبەشی تەحەمولی زیانەكان بكەن و ئەركی كرێچییەكان سووك بكرێت.

حكومەتی هەرێمی كوردستان بەردەوام دەبێت لە گرتنەبەری رێكاری پێویست بۆ رووبەڕووبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا و لێكەوتەكانی بۆ سەر ئابووری هەرێمی كوردستان . ئێمە هەموو هەوڵ و تواناكانی خۆمان دەخەینەگەڕ بۆ پاراستنی سەلامەتی هاووڵاتییانی هەرێمی كوردستان، بۆیە داوا لە هەموو لایەنە سیاسییەكانیش دەكەم، لەم ئەركەدا هاوكار و پشتیوانمان بن.

لە رۆژانی داهاتووشدا دەزگاكانی حكومەت قۆناخ بە قۆناخ لە هەنگاو و رێكارەكانی پێویست بۆ رووبەڕووبەنەوەی ئەو دۆخە ئاگادارتان دەكەنەوە.

سوپاس بۆ پشتیوانیی و خۆڕاگریتان.

هیوادارین هەمووتان سەلامەت و پارێزراو بن و كوردستانیش بەهێزتر و ئاوەدانتر بێت.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group