بەرگری شارستانی گەڕەكەمیللیەكانی هەولێر دەڕشێنێت

23/03/2020

نەوا- سەعید عەبدولڵا- هەولێر
بەمەبەستی پاكڕاگرتن و بنبڕكردنی بەكتریا و ڤایرۆس تیمەكانی بەگری شارستانی هەولێر گەڕەكە میللەكانی هەولێر دەڕشێنن و وتەبێژی بەرگری شارستانیش دەڵێت هەڵمەتەكە هەموو هەولێر دەگرێتەوە.
ئەمڕۆ ۲۳/۳/۲۰۲۰ بەرگری شارستانی هەولێر لە ڕێگەی تیمی سەرجەم بنكەكانییەوە هەڵمەتی ڕشاندنی شاری هەولێری دەست پێكرد.
ڕائید سەركەوت كاڕەش وتەبێژی بەرگری شارستانی هەولێر بۆدەزگاكانی ڕاگەیاندن وتی: دوای ئەوەی فڕۆكەخانەی نێوەدەوڵەتی هەولێر و چەند ناوچەیەكی دەوروبەری هەولێرمان بە ماددەی دژە ڤایرۆس ڕشاند، ئەمڕۆ تیمەكانی ئێمە دەست دەكەن بە ڕشاندنی ناوشاری هەولێر و وەك یەكەم هەنگاویش لە گەڕەكە میللیەكانی سێتاقان و سەیداوە دەستمان پێكرد و تا تەواوی شاری هەولێر دەڕشێنین بەردەوام دەبین.
وتیشی، ئێمە فەرمانی پارێزگا جێبەجی دەكەین بە ڕشاندنی هەر شوێنێك كە پێویست بێ. بۆیە لە هەوڵەكانمان بەردەوام دەبین.
وتەبێژی بەرگری شارستانی ڕەتیكردەوە كە فرۆكە بەكارهێنرابێ بۆ ڕشاندنی ناوشاری هەولێر.
لەبارەی ڕشاندنی كۆمەڵگەی سێبیران كە ئێستا تەواوی هاوڵاتیان لەوێ كەرەنتین كراون سەركەوت كاڕەش وتی: ئێستا تیمە پزیشكییەكان لەو كۆمەڵگەیەن بۆ پشكنینی هاوڵاتیان، هەركات داوابكرێت ئێمە بچین بۆ پاككردنەوەی كۆمەڵگەكە ئێمە ئامادەین.
لەسەرەتای ئەم مانگەوە تیمەكانی شارەوانی و بەرگری شارستانی چەندان هەڵمەتی ڕشاندنی ناوشاری هەولێر و بازاڕەكانیان ئەنجامداوە.


شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group