لەحاڵەتێكی دەگمەندا.. كەسێك لەیەككاتدا توشی هەردوو جۆرەكەی ڤایرۆسی كۆرۆنا بوە

25/03/2020 جیهان

نەوا
كۆمپانیایەكی دەرمانی ئایسلەندی ئاشكرایكرد، لەحاڵەتێكی دەگمەندا كەسێك لە یەككاتدا توشی هەردوو جۆرەكەی ڤایرۆسی كۆرۆنا بوە، ئەوەش یەكەم روداوی لەو شێوەیەیە لە جیهاندا.
كاری ستیڤانسۆن بەڕێوەبەری جێبەجێكاری كۆمپانیای decode genetics ئاشكرایكردوە، كەسەكە توشی هەردوو جۆرەكەی كۆرۆنا بوە، یەكێكیان ڤایرۆسە بنەڕەتییەكە و ئەوی تریان نەوە نوێەكەیەتی، كە لەكۆتاییەكانی ساڵی 2019 لەشاری ووهان-ی چین دەركەوت.
ئاماژەی بەوەشداوە، جۆرە نوێیەكە زۆر شەڕەنگێزترە لە بنەڕەتییەكە، زۆرینەی ئەوانەشی لەو كەسەوە ڤایرۆسەكەیان بۆ گواستراوەتەوە، جۆرە شەڕەنگێزەكەیان پێگەیشتوە.
ستیڤانسۆن ئەوەشی ئاشكرا كردوە، كۆرۆنای نوێ‌ COVID-19 لەماوەی دواییدا و بەتێپەڕبونی كات زیاتر شەڕەنگێز بوە، پێشیوایە 1%ی دانیشتوانی ئایسلەندا توشی ڤایرۆسەكە بون و ئەوەش زۆر لەو ژمارە فەرمیانە زیاترە، كە راگەیەندراوە.
ژمارەی دانیشتوانی ئایسلەندا، كە وڵاتێكی دورگەیی سەربە كیشوەری ئەوروپایە و دەكەوێتە باكوری زەریای ئەتڵەسی، زیاتر لە 364 هەزار كەسن، تا نیوەڕۆی رۆژی چوارشەممە 25-3-2020، 648 توشبو و دوو گیانلەدەستدانی بەهۆی ڤایرۆسەكەوە تێدا تۆماركراوە.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group