"هێزەكانی ئەمریكا لە عیراق دەكشێنەوە و روو لە هەرێمی كوردستان دەكەن"

26/03/2020

نەوا
هاوپەیمانێتی نێودەوڵەتیی دژبە داعش بنكەی سەربازی گەیارەی لە نەینەوا رادەستی هێزەكانی عیراق كردەوە و روویان لە هەرێمی كوردستان كرد.
ئەمڕۆ پێنجشەممە هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش بە سەركردایەتیی ئەمریكا، لە مەراسیمێكدا، كە فەرماندە سەربازییەكانی عێراق و ئەمریكا ئامادە بوون، بنكەی سەربازی گەیارە-یان لە سنوری پارێزگای نەینەوا رادەستی هێزە ئەمنییەكانی عێراق كردەوە و رێككەوتنێكیان لەوبارەیەوە واژۆكرد.
ماوەی هەفتەیەك دەبێت هێزە ئەمریكاییەكان لە بنكەی سەربازیی گەیارە كەلوپەلەكانیان پێچاوەتەوە و رۆژانە بە كاروانی سەربازی روو لە هەولێری پایتەختی هەرێمی كوردستان دەكەن.
پێشتریش هێزەكانی هاوپەیمانان چەند بنكەیەكی دیكەی سەربازییان لە عیراق رادەستی هێزە عیراقیەكان كردۆتەوە، ئەمەش لەچوارچێوەی رێككەوتنی نێوان هێزەكانی هاوپەیمانان و بەغدا.
ئەمە لەكاتێكدا پێنجشەممە هاوپەیمانێتیی نێودەوڵەتی برشیاریدا بەهۆی كۆرۆناوە، مەشقپێكردنی هێزە عیراقیەكان رابگرێت، بە پێشمەرگەی كوردستانیشەوە.
لەوبارەیەشەوە سەربەست لەزگین بریكاری وەزارەتی پێشمەرگە لە لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، بەهۆی مەترسیی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆناوە، هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی داعش چەند رۆژێكە بەشێوەیەكی كاتی مەشقپێكردنی هێزەكانی پێشمەرگەی راگرتووە".
بریكاری وەزارەتی پێشمەرگە وتیشی "ئەو بڕیارە كاتییە، چونكە كۆبوونەوەی سەدان پێشمەرگە لە یەك شوێندا بۆ مەشقپێكردن مەترسی دروستدەكات و رەنگە ببێتە هۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەكە، بەڵام سەرەڕای ئەو بڕیارە هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی بەردەوامە لە پاڵپشتیكردنی هێزەكانمان لە ئاسمانەوە".

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group