بۆ رێگریكردن له‌ ڤایرۆسی كۆرۆنا ناحیه‌ی خه‌لیفان كه‌ره‌نتین كرا

30/03/2020

نه‌وا 
قائیمقامی سۆران رایگەیاند، ناحیەی خەلیفانی سەربە قەزاكەیان بەهۆی كۆرۆناوە كەرەنتین كراوە.
كرمانج عیزەت قائیمقامی سۆران لەلێدوانێكدا ئاماژەی بەوەكرد، بۆ رێگریكردن لە ڤایرۆسی كۆرۆنا ناحیەی خەلیفان سەربە قەزای سۆران كەرەنتین كراوە.
راشیگەیاندوە، كەرەنتینەكە تەنها ناوەندی خەلیفان دەگرێتەوە.
رۆژی یەكشەممە، هاووڵاتییەك لە بەریتانیا گەڕابوەوە، وەك یەكێك لە تووشبووی ڤایرۆسی كۆرۆنا لە ناوچەكە تۆماركراو ئەمڕۆ دووشەممە وەزارەی تەندروستی بڵاویكردەوە، پێنج توشبوی نوێ، كە پیاو و ئافرەت و سێ منداڵن و هەموویان كەسوكار و بەركەوتوی توشبوەكەی دوێنێی ناحیەی خەلیفانن، تۆماركراون.
ناحیه‌ی خه‌لیفان سه‌ر به‌ قه‌زای سۆران-ه‌و 105 كیلۆمه‌تر له‌ هه‌ولێره‌وه‌ دووره‌و ژمارەی دانیشتوانه‌كه‌ی نزیكه‌ی 40 هه‌زار كه‌سه‌.
بەگوێرەی داتایەكی وەزارەتی تەندروستی، كە نیوەڕۆی دووشەممە 30-3-2020 بڵاویكردەوە، كۆی گشتی توشبوان بە ڤایرۆسی كۆرۆنای نوێ COVID-19 لە هەرێمی كوردستان گەیشتە (150) تووشبوو، لەنێویاندا (2) مردن هەیە و (56) نەخۆش چاكبوەتەوە، ئەوانی دیكەش هەمویان لەژێر چاودێریی پزیشكیدان.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group