عەللاوی: تەنازولم بكردایە ئێستا سەرۆك وەزیرانی عیراق دەبوم

31/03/2020 عێراق

نەوا
محەمەد تۆفیق عەللاوی راسپێردراوی پێشوو بۆ پێكهێنانی حكومەتی عیراق دەڵێت "ئەگەر تەنازولم لە مەرجەكانم بكردایە، ئێستا سەرۆك وەزیران دەبوم"، تەئكیدیشدەكاتەوە، كورد و سوننە سورن لەسەر پشككاری.
عەللاوی لە گفتوگۆیەكی تەلەفزیۆنیدا وتی "زۆرینەی فراكسیۆنە شیعییەكان لە دیارترینیان سائیرون و فەتح رازی بون بەوەی پشككاری هەڵوەشێتەوە، بەڵام فراكسیۆنە سونی و كوردییەكان رەتیانكردەوە دەستبەرداری پشكەكانیان ببن و سوربون بە كاركردن لەسەر بنەمای پشكپشكێنە".
وتیشی "سەركردایەتی كورد پێیانڕاگەیاندم، بۆ پاراستنی قەوارەی دەستوریی هەرێم گرنگە خۆیان وەزیرەكانی خۆیان دیاری بكەن، ئەگەر تەنازولم لە مەرجەكانم بكردایە بۆ پێكهێنانی حكومەت بۆ هەر لایەنێكیان، ئەوا ئێستا سەرۆك وەزیران دەبوم".
راسپێردراوی پێشوو بۆ پێكهێنانی حكومەتی عیراق رونیكردوەتەوە، محەمەد حەلبوسی سەرۆكی پەرلەمان سوربوە لەسەرئەوەی خۆی وەزیرەكانی سوننە دیاری بكات، بەڵام ئەوەی رەتكردوەتەوە، دەشڵێت "رێككەوتنێك لەنێوان حەلبوسی و هێزە كوردیەكان هەبوو، كە تایبەت بوو بە پشككاری و دیاریكردنی وەزیرەكانیان لەلایەن خۆیانەوە و لەبەرانبەر ئەوەشدا متمانەم پێبدەن".
دوای ئەوەی محەمەد تۆفیق عەللاوی لەلایەن سەرۆك كۆمارەوە راسپێردرا بۆ پێكهێنانی حكومەت لەماوەی دەستوریدا، كە 30 رۆژە، نەیتوانی ئەركەكەی جێبەجێ بكات و لەگەڵا لایەنە كوردستانی و سوننیەكاندا نەگەیشتە رێككەوتن و دواتر داوای لێبوردنی لە راسپاردنەكەی كرد.


شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group