نەوا-
بەهۆی بارانی بەلێزمە كە لە ناوەڕاستی مانگی نیسانەوە تائێستا بەردەوامە زیاتر لە 277 كەس لە كینیا گیانیان لەدەستداوە.
ئیسحاق مواورا وتەبێژی حكومەتی كینیا رایگەیاندوە، ژمارەی ئەو كەسانەی لەو لافاوانەدا گیانیان لەدەستداوە بەرزبوەتەوە بۆ 277 كەس و نالەباری كەشوهەوا كاریگەری لەسەر نزیكەی 411 هەزار كەس دروست كردوەو 56 هەزار خێزانیش ناچاربون ماڵوحاڵیان جێبهێڵن.
مواورا باسی لەوەشكردوە، لە سەرانسەری وڵاتەكەیاندا 60 ناوەندی تەندروستی زیانیان بەركەوتوەو پەتا سەریهەڵداوە كە لەناویاندا 53 توشبوی كۆلێرا دەستنیشان كراون.
بارانی بەلێزمە چەند وڵاتێكی لە رۆژهەڵاتی ئەفریقا گرتۆتەوەو بوەتە هۆی دروستبونی لافاو و كاریگەری نەرێنی لەسەر ژیانی هاوڵاتیانی ئەو وڵاتانە دروست كردوە.