كۆبونەوەیەكی گرنگی پەیوەندیدار بە نرخی نەوت دواخرا

05/04/2020 جیهان

نەوا
كۆبونەوەی وڵاتانی ئۆپێك پڵەس، كە بڕیاربوو سبەینێ دووشەممە ئەنجامبدرێت، دواخرا بۆ رۆژی پێنجشەممە، بەهۆی ئەوەی تا ئێستا ناكۆكییەكانی روسیا و سعودیە بەردەوامن.
زامینا عەلیێڤا وتەبێژی وەزارەتی وزەی ئازەرباییجان، كە وڵاتێكی بەرهەمهێنەری نەوتە، بە ئاژانسی فرانس پرێسی راگەیاندووە، ئەو كۆبونەوەیەی ئۆپیك پڵەس كە بڕیاربوو سبەینێ دووشەممە بەڕێوەبچێت و پرسی بازاڕی وزە و دابەزینی نرخی نەوت تاووتوێبكات، دواخرا بۆ رۆژی پێنجشەممەی ئەم هەفتەیە.
پێشتر و بەهۆی رێكنەكەوتنی وڵاتانی ئۆپێك پڵەس لەسەر بڕی بەرهەمهێنان و خستنەڕوو، هەروەها بە كاریگەریی بڵاوبونەوەی كۆرۆنا و كەمبوونەوەی چالاكییە بازرگانی و پیشەسازییەكان، نرخی نەوت دابەزینێكی  زۆری بەخۆیەوە بینی، ناكۆكیی توندیش لەنێوان هەریەكە لە سعودیە و روسیا هەیە و یەكتری تۆمەتبار دەكەن بە بوونە هۆكاری شكستی كۆبوونەوەكانی نێوان بەرهەمهێنەرانی نەوت لە مانگی رابردوودا، بۆیە تا ئێستا لێدوانی توندی نێوان ئەو دوو وڵاتە بەردەوامیی هەیە.
لەكاتێكدا پێشتر دۆناڵد ترامپ سەرۆكی ئەمریكا رایگەیاندبوو، لەگەڵ بەرپرسانی ریاز و مۆسكۆ قسەیكردووە و رێككەوتوون كار بۆ كەمكردنەوەی 10 ملیۆن بەرمیلی رۆژانە لە بازاڕدا بكەن.
لە ساڵی 2016 رێككەوتننامەی كەمكردنەوەی ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت لە نێوان ئەندامانی رێكخراوی ئۆپێك و بەرهەمهێنەرانی نەوتی دەرەوەی رێكخراوەكە بە سەرۆكایەتیی روسیا واژوو كرا و لە سەرەتای 2017 دەست بە جێبەجێكردنی كرا و چەند جارێك درێژكرایەوە، بەڵام مانگی رابردوو روسیا و سعودیە لەسەر درێژكردنەوەی رێكەوتنەكە نەگەیشتنە ئەنجام و لە رۆژی 1ی نیسان ماوەی رێككەوتنەكە كۆتایی هات.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group