ئه‌مریكییه‌كان چی به‌ڵێنێكیان به‌ عه‌دنان زورفی داوه‌؟

06/04/2020 عێراق

نه‌وا
عه‌دنان زورفی راسپێردراو بۆ پێكهێنانی حكومه‌تی نوێی عیراق رایگه‌یاند، به‌ پاڵپشتیی 80 ئه‌ندامی په‌رله‌مان كاندیدكراوه‌ و به‌رنامه‌ حكومییه‌كه‌شی پێشكه‌ش به‌ ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران كردوه‌، بۆیه‌ ئێستا چاوه‌ڕوانه‌ دانیشتنێكی به‌ په‌له‌ رێكبخرێت و ده‌نگ به‌ كابینه‌كه‌ی بدرێت.
زورفى له‌ چاوپێكه‌وتنێكدا له‌گه‌ڵ كه‌ناڵى ئه‌لعیراقییه‌ ئاماژه‌ى به‌وه‌داوه‌، متمانه‌ى به‌وه‌ هه‌یه‌ په‌رله‌مان هه‌ڵوێستى ده‌بێت، كه‌ له‌ ئاست كێشه‌ ته‌ندروستى و ئابورى و ئه‌منیه‌كانى وڵاتدا بێت، له‌ حكومه‌ته‌كه‌یدا كارده‌كه‌ن بۆ تێپه‌ڕاندنى قه‌یرانه‌كان به‌ كه‌مترین زیان.
ئاماژه‌ى به‌وه‌شداوه‌، له‌ حكومه‌تدا ته‌ئكید له‌سه‌ر بونى هاوبه‌شییه‌كى راسته‌قینه‌ ده‌كه‌نه‌وه‌ و سه‌ره‌تاش كاركردن ده‌بێت له‌سه‌ر دۆسێی ئابورى، عیراق پێویستى به‌ به‌سه‌ربازكردن و قه‌یران دروستكردن نییه‌ و پێویستى به‌ ئابورییه‌كى به‌هێز هه‌یه‌.
سه‌باره‌ت به‌هێرشه‌كانى سه‌رى له‌لایه‌ن میلیشیا چه‌كداریه‌كانیشه‌وه‌ عه‌دنان زورفی رایگه‌یاند، رێزى بۆچونى هه‌موان ده‌گرێت و هیچ رقێكى سیاسى به‌رامبه‌ر هیچ لایه‌ك هه‌ڵنه‌گرتوه‌ ته‌نانه‌ت ئه‌وانه‌شى كه‌ هه‌ڕه‌شه‌ ده‌كه‌ن، نایه‌وێت به‌ره‌و پێكدادان بچێت، چونكه‌ پلانه‌كه‌ى بنیادنانه‌وه‌ى ئابوریه‌.
سه‌باره‌ت به‌وه‌ى تۆمه‌تبار ده‌كرێت كه‌ لایه‌نگرى ئه‌مریكایه‌ و سه‌باره‌ت به‌ هه‌ڵوێسته‌كانى له‌سه‌ر كێشمه‌كێشه‌كانى ئه‌مریكا و ئێرانیش باسى له‌وه‌كرد، پێویسته‌ عیراق له‌ كێشمه‌كێشى ئه‌مریكى ئێرانى دوربخرێته‌وه‌ ئه‌وه‌ى ده‌یانه‌وێت بانگهێشتكردنى ئه‌و دوو وڵاته‌یه‌ بۆئه‌وه‌ى وه‌به‌رهێنان له‌ عیراقدا بكه‌ن، له‌گه‌ڵ باڵیۆزى ئه‌مریكا قسه‌ى كردوه‌و داواى لێكردوه‌ خشته‌یه‌كى كات دابنێت بۆ ده‌رچونى هێزه‌كانیان له‌ عیراق، به‌ڵێنى ئه‌وه‌یانداوه‌ تا كۆتایى ساڵ نیوه‌ى هێزه‌كانیان عیراق جێبهێڵن.
ته‌ئكیدیشیكرده‌وه‌، ئه‌مریكا هاوپه‌یمانى عیراق و هاوكار بوه‌ له‌ له‌ناوبردنى داعش، به‌ڵام خشته‌ى ده‌رچونى هێزه‌كانیان گرنگه‌، هیچ دوژمنایه‌تیه‌كیشى له‌گه‌ڵ ئێراندا نییه‌ و به‌دڵنیاییه‌وه‌ تاران هاوكارى عیراق بوه‌ له‌ شه‌ڕى دژى داعشدا.


شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group