وەزیری گواستنەوە: كۆمپانیاكانی ئینتەرنێت بە دوو شێوە هاوكاریی هاووڵاتیان دەكەن

10/04/2020

نەوا
وەزیری گواستنەوە و گەیاندنی حكوومەتی هەرێمی كوردستان وتی، دوای ئەوەی داواكارییان ئاراستەی كۆمپانیاكانی ئەنتەرنێت كردووە كە لەم دۆخەدا هاوكاریی خەڵك بكەن، ئەوانیش بە دوو شێوە ئامادەییی هاوكارییان ڕاگەیاندووە؛ هەم خێراكردنی ئەنتەرنێت و هەمیش داشكاندنی 25%ی نرخەكەی.
ئانۆ جەوهەر وەزیری گواستنەوە و گەیاندنی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی راگەیاندوە: "لەمانگی سێ داوامان لە كۆمپانیاكان كردووە لە ڕێگەی نووسراوێكی فەرمییەوە بۆ ئەوەی داشكاندن بۆ نرخی ئەنتەرنێت بكرێت و خێراییشی زیاد بكرێت و لە ‌كەمتر لە سێ هەفتەدا دوو كۆمپانیا وەڵامی نووسراوی ئێمەیان دایەوە و هاتنە پێش و ڕەزامەندییان نیشان دا و خێرایییان زیاد كرد و چاوەڕێ دەكەن ئەو كارتانەی چاپ كراون بفرۆشرێن و لە ‌كارتی نوێدا كە چاپ دەكرێن لە ‌یەكی شەشەوە 25% داشكاندن بۆ نرخی ئەنتەرێنەكەیان دەكرێت.''
ئانۆ جەوهەر باسی لەوەش كرد: "هۆكاری دواكەوتنی داشكاندن بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە كە ئەو كارتانەی لەلای بریكارەكان هەیە بیانكێشنەوە و كارتەكانیش لێرە چاپ ناكرێن و هەمووی لە دەرەوە چاپ دەكرێن، بۆیە داشكاندنەكەی هەندێك دوا دەكەوێت، ئەگەرنا كێشە نابێت."
عەبدۆكا باسی لەوەش كرد: "ئەوانەی وەڵامیان داوەتەوە دوو كۆمپانیای گرنگن و ئەوانەی دیكەش وەڵامیان دەبێت، دڵنیایین و دەستپێشخەرییان دەبێت و ئێمەش بەپێی یاسا و گرێبەستەكان مامەڵەیان لەگەڵ دەكەین."


شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group