پەرلەمانتارێكی پارتی: كورد دەستی بە وەزارەتی دارایی عیراقەوە نەگرتوە

18/04/2020

نەوا
دیار بەرواری ئەندامی فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان لە پەرلەمانی عیراق دەڵێت "پشكی كورد لە كابینەی داهاتوی حكومەتدا 3 بۆ 4 وەزارەتە و ئەوەی گرنگە بەلای كوردەوە ئەوەیە دیاریكردنی وەزیرەكان و بەرنامەی حكومەت بەدڵی هەرێمی كوردستان بێت"، تەئكیدیشدەكاتەوە كورد دەستی بە وەزارەتی داراییەوە نەگرتوە.
دیار بەرواری لەلێدوانێكی رۆژنامەوانیدا جەختدەكاتەوە، ژمارەی وەزارەتەكان كێشە نییە و مەرجی سەرەكی ئەوەیە دیاریكردنی وەزارەتەكان و بەرنامەی حكومەتی عیراق بە رەزامەندی هەرێم بێت، تائێستاش گفتوگۆكانی نێو ماڵی شیعە لەسەر حكومەتی داهاتوو بەردەوامە، هەندێك لایەنی شیعە وازیان لە پشكی خۆیان لە وەزارەتەكان هێناوە و مستەفا كازمی-یان سەرپشككردوە، بەڵام هەندێكی دیكەیان بە مەرج رازی دەبن، دوای كۆتاییهاتنی گفتوگۆكانی نێوان شیعەش دەرفەتی زیاتر بۆ كورد دەبێت بۆ دانوستاندن.
رونیشیكردوەتەوە، حكومەت بە بارودۆخێكی تایبەتدا تێدەپەڕێت و گرنگە پشتگیری بكرێت و كاربكرێت بۆ چارەسەكردنی كێشە هەڵپەسێردراوەكان، بۆیە ئەو كێشانە لە پێشینەی كارەكانە و دۆسێی وەزارەتەكان لە پلەی دووەمدا دێت.
سەبارەت بەوەی كورد لە بەرانبەر وەزارەتێكی سیادی دیكە دەستبەرداری وەزارەتی دارایی دەبێت؟ ئەو پەرلەمانتارەی پارتی وتویەتی "كورد هیچ كێشەیەكی نییە لەوەی هەر وەزارەتێكی گرنگ، كە بەشداری راستەقینە بێت لە حكومەتدا، وەربگرێت، لەئێستادا هیچ رەتكردنەوەیەكمان نییە، چونكە نەگەیشتوینەتە ئەو قۆناغە لە گفتوگۆكاندا و چاوەڕێی یەكلاكردنەوەی گفتوگۆكانی ناو ماڵی شیعە و دواتر سوننەین و دوای ئەوەش سەرەی كوردە".


شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group