بەهۆی ڤایرۆسی كۆرۆناوە لە 40 دەوڵەتەوە سكاڵا لەسەر چین تۆماركرا

19/04/2020 جیهان

نەوا
ژمارەیەك پارێزەر لە ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمریكا بەتۆمەتی هۆكاربون بۆ بڵاوبونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا و تەشەنەكردنی بە جیهاندا و توشكردنی زیاتر لە 2 ملیۆن و 300 هەزار كەس و گیانلەدەستدانی هەزاران، سكاڵای یاساییان لەسەر چین تۆماركرد.
سكاڵاكە هەزاران زیانلێكەوتوی ڤایرۆسی كۆرۆنا لە 40 دەوڵەتی جیهانەوە لەخۆدەگرێت و تێیدا داوای چەندین تریلیۆن دۆلار دەكەن وەك قەرەبوی زیانەكانیان، هەروەها گروپی Berman Law كە كۆمپانیایەكی پارێزەرییە لە شاری میامی ئەمریكا سكاڵاكەیان لە لای دادگای ویلایەتی فلۆریدا بەرزكردوەتەوە، كە تێیدا چین بە پشتگوێخستن و هۆكار بۆ بڵاوبونەوەی كۆرۆنا تۆمەتباركراوە.
پێش سێ‌ ساڵیش ئەو گروپەی پارێزەران كەیسێكیان دژی چین بە قەبارەی ملیارێك و 200 ملیۆن دۆلار جوڵاند و دۆسیەكەشیان بردەوە، ئەوەش بەهۆی بونی كێشە لە كاڵا و پێداویستی دروستكردنی تەلار و سەرپێچیكردنی مەرجەكان.
ئێستاش ئەو پارێزەرانە دەیانەوێت سود لەو تایبەتمەندیە وەربگرن، كە یاسای ئەمریكی دایناوە بۆ تۆماركردنی سكاڵا لەسەر ئەو دەوڵەتانەی دەبنەهۆی زیانگەیاندن بە مرۆڤ و ماڵ و موڵكیان.
لەلایەكی دیكەوە ناوەندی "شورات هدین" كە ناوەندێكی یاسایی ئیسرائیلە و نوێنەرایەتی سەرجەم قوربانیانی تیرۆر لە جیهاندا دەكات، سكاڵای یاسایی لەسەر چین تۆماركردوە و بەهۆكار بۆ بڵاوبونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا تۆمەتباری كردوە.
لای خۆیشیەوە ئافیل لایتنەر بەڕێوەبەری ناوەندەكە باسی لەوەكردوە، سكاڵاكە لە ئەمریكا تۆماردەكەن، چونكە زۆربەی وڵاتان لەوە دەترسن چین لە رووی ئابورییەوە دایانبڕێت.
هەر لەو چوارچێوەیەدا، گیفری رۆبێرتسۆن پارێزەری دیاری بەریتانی داوای لە رێكخراوی نەتەوە یەكگرتوەكان كردوە لێكۆڵینەوە لە بڵاوبونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا بكات، چونكە چارەسەرنەكردنی ڤایرۆسەكە لە قۆناغەكانی سەرەتادا بوەهۆی دروستبونی كارەسات.
هەر لە ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمریكا لەلایەن فەرمانبەرانی بواری چاودێری تەندروستییەوە سكاڵایەكی دیكە لەسەر چین تۆماركراوە، كە تۆمەتباركراوە بە شاردنەوەی پێداویستییە پزیشكییە گرنگەكانی رزگاركردنی ژیانی خەڵك.


شەپۆلەکانی نەوا

  • زۆرترین خوێندراو
  • دواترین هەواڵ
Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group