سلێمانی.. هاتوچۆی ئۆتۆمبێل دەكرێت بە تاك و جوت

24/04/2020

نەوا
هەڤاڵ ئەبوبەكر، سەرۆكی لیژنەی باڵای ئۆپراسیۆنەكانی پارێزگای سلێمانی بۆ بەرەنگاربونەوەی كۆرۆنا، 19 بڕیاری نوێ بەمەبەستی خۆپارێزی لەڤایرۆسی كۆرۆنا دەركرد و رایگەیاند، لەناو چەقی شاری سلێمانیدا، بەهیچ جۆرێك ڕێگا بە هاتوچۆی ئۆتۆمبێل نادرێت و هاتوچۆی تاكسی و ئۆتۆمبێلی تایبەتیش دەكرێت بەسیستمی تاك و جوت.
بەگوێرەی نوسراوێكی فەرمی پارێزگای سلێمانی، كە واژۆی د. هەڤاڵ ئەبوبەكری لەسەرەو گشتاندنی بۆ سەرجەم یەكە كارگێڕیی و فەرمانگە پەیوەندیدارەكانی سنوری پارێزگاكە پێكراوە، ئەوەخراوەتەڕو، لەدوای 23ی نیسانەوە تا یەك-ی ئایار قەدەغەی تەواوی هاتوچۆ لە كاتژمێر 6:00ی بەیانی تا 12:00 ی شەو بەردەوام دەبێت.
لەبەشێكی دیكەی بڕیارەكەی پارێزگای سلێمانی ئەوەخراوەتەڕو، لە 25ی نیسانەوە، بەپێی فەرمانی وەزارەتی گواستنەوەو گەیاندن، تاكسیەكان لەسەر بنەمای ژمارەی تاك و جوت دەست بە كاركردن دەكەنەوە، رۆژی 25ی مانگیش تەنها هەڵگرانی ژمارەی (تاك) كاردەكەن و ڕۆژی دواتر ژمارەی (جوت).
ئاماژەی بەوەشكردوە، هۆكانی گواستنەوەی گشتی لە رۆژی 25ی نیسانی 2020ەوە، ڕۆژانە بەنیوەی ژمارەی پاسەكان لە هێڵێكدا، بەپێی مەرج و ڕێكارو ڕێنماییە تەندروستی و كارگێڕیی و ئارامییەكان دەست بە كاركردن دەكەنەوە.
لەبەشێكی دیكەی بڕیارەكانی پارێزگای سلێمانی ئەوەخراوەتەڕو، هاتوچۆی ئۆتۆمبێلی تایبەت لە سنوری قەزای مەڵبەندی سلێمانیدا لە 25ی ئەم مانگەوە دەبێت بە سیستمی تاك و جوت، ڕۆژی 25ی مانگ، تەنها هەڵگرانی ژمارەی (تاك) كاردەكەن و ڕۆژی دواتر ژمارەی (جوت).
لەبڕیارەكانی پارێزگای سلێمانی ئەوەشخراوەتەڕو، پێشانگاكانی ئۆتۆمبێل لە ڕۆژی 25ی نیسانەوە بەپێی مەرج و ڕێكارو ڕێنماییە تەندروستی و كارگێڕیی و ئارامییەكان دەكرێنەوە.



شەپۆلەکانی نەوا

  • زۆرترین خوێندراو
  • دواترین هەواڵ
Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group