دوو حاڵەتی نوێی كۆرۆنا لە سلێمانی تۆماركران

24/04/2020

نەوا
شەوی هەینی وەزارەتی تەندروستیی حكومەتی هەرێمی كوردستان رایگەیاند، دوو حاڵەتی نوێی ڤایرۆسی كۆرۆنا لە پارێزگای سلێمانی تۆماركراون.
لە بەردەوامی پشكنینەكان و گەڕان بەدوای گومانلێكراواندا، دوو توشبوی دیكەی ڤایرۆسی كۆرۆنای نوێ COVID-19 لە پارێزگای سلێمانی دەستنیشانكراون.
بەگوێرەی زانیارییەكانی وەزارەتی تەندروستی، توشبویەكیان پیاوێكی تەمەن 80 ساڵی دانیشتوی شارباژێڕە، ئەوی دیكەشیان پیاوێكی تەمەن 29 ساڵی دانیشتوی قەزای كفریە.
هەر ئەمڕۆ هەینی، وەزارەتی تەندروستیی هەرێم رایگەیاند، دوو توشبوی كۆرۆنا لە دهۆك تۆماركراون، كە یەكێكیان پیاوێكی تەمەن 77 ساڵ و نەوەیەكی تەمەن 8 ساڵانیەتی و دانیشتوی شاری دهۆكن.
هەروەها درەنگانی شەوی رابردو وەزارەتی تەندروستی دەرئەنجامی پشكنینی دیكەی راگەیاند و ئاماژەی بەوەكرد ئافرەتێكی تەمەن 40 ساڵی دانیشتوی ناحیەی بەحركە توشی ڤایرۆسی كۆرۆنا بوە، كە هاوسەری توشبویەكی پێشوە و لە كەرەنتیندایە. بەوەش ژمارەی توشبوان لە هەرێم گەیشتنە 344 كەس، كە 317یان چاكبونەتەوە.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group