پەرلەمانتارێك: عێراق خواستی لەسەر غازی سروشتی هەرێم هەیە

25/04/2020

نەوا
ئەندامێكی لیژنەی سامانە سروشتیەكانی پەرلەمانی كوردستان دەڵێت، حكومەتی عێراق خواستی هەیە سود لە غازی سروشتی هەرێم وەربگرێت و بۆ ئەو مەبەستە بڕیارە شاندێكی تەكنیكی لە هەرێمەوە سەردانی بەغدا بكەن.
ڕێبوار بابكەیی پەرلەمانتاری پارتی و ئەندامی لیژنەی سامانە سروشتیەكان بەماڵپەڕی فەرمی حزبەكەی راگەیاندووە، هەرێمی كوردستان زۆر دەوڵەمەندە بە غازی سروشتی و چەندین وڵات چاویان بڕیوەتە غازی هەرێم، لەوانە عێراق و توركیا.
وتیشی، حكوومەتی هەرێم پلانی داناوە كە هاوشێوەی نەوت، غازی سروشتی هەناردەی دەرەوە بكات و بیكاتە داهاتێكی دیكە و‌ بەمەش، ئەگەر نرخی نەوتیش دابەزێت كەمتر كاریگەریی لەسەر دۆخی ئابووریی هەرێم دەبێت.
باسی لەوەشكرد، لە دوا سەردانی شاندی هەرێم بۆ بەغدا باسی غازی سروشتی و كارەبای هەرێمیش كراوە و بڕیاریشە شاندێكی تەكنیكی لەبارەی غازی سروشتییەوە سەردانی بەغدا بكات، چونكە عێراقیش داوای كردووە سود لە غازی هەرێمی كوردستان وەرگرێت.
ئەوەشی خستەڕوو، كە لە سەردانەكەی ئەو شاندە تەكنیكیەی هەرێم بۆ بەغدا قسە لەسەر ئەوە دەكرێت، كە غازی سروشتی هەرێم بۆ  چ سێكتەرێك بەكار بهێندرێت، بۆ كارەبا یان هەر سێكتەرێكی دیكە و هەرێم لەبەرامبەر چی غاز بداتە بەغدا، لە بەرامبەر مووچەیە، یان شتی دیكە، ئەمەش پێویستی به ‌گفتوگۆ هەیە."


شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group