مەكتەبی سیاسیی یەكێتی: پێویستە سیستمی لامەركەزی جێبەجێبكرێت

03/05/2020

نەوا
مەكتەبی سیاسیی یەكێتی ناوەڕۆكی كۆبونەوەی لەگەڵ تیمی حزبەكەی لە حكومەتی هەرێمی كوردستان بڵاوكردەوە و رایگەیاند، بە گرنگییەوە باس لە سیستمی لامەركەزی كراوە.
بەگوێرەی راگەیەندراوێكی كۆبونەوەكە، كە ئەمڕۆ بڵاوكراوەتەوە، ئێوارەی دوێنێ‌ كۆبونەوەكە بەسەرپەرشتی لاهور شێخ جەنگی هاوسەرۆكی یەكێتی بەڕێوەچوە و تێیدا بارودۆخی سیاسی و باری گوزەران و ژیانی هاووڵاتیان و پرسی پێكهێنانی حكومەتی نوێی عیراق و دۆخی نالەباری ناوچە كوردستانییە دابڕاوەكان و مەترسی سەرلەنوێی داعش و كاروباری ناوخۆی حزب بە وردی تاووتوێكراون.
سەبارەت بە هەوڵەكانی شاندی حكومەتی هەرێمیش لە بەغدا، كۆبونەوەكە وێڕای دەستخۆشی لە هەوڵ و كۆششی شاندەكە بۆ چارەسەری كێشەی موچە و شایستە داراییەكانی هەرێم، بە گرنگییەكی زۆرەوە لەسەر هۆكار و لێكەوتەكانی ئەو پرسە وەستاوە و دابینكردنی موچەی فەرمانبەران و پاراستنی ژیان و گوزەرانی هاووڵاتیانی لەئێستادا بە ئەركی هەرە سەرەكی حكومەتی هەرێم داناو راشیگەیاند "نەبونی و هەژاری بەرۆكی زۆرینەی خەڵكی كوردستانی گرتوە و بەداخەوە تا دێت بەرەو خراپتریش دەڕوات".
لە تەوەرێكی تری كۆبونەوەكەدا، بە گرنگییەوە باس لە سیستمی لامەركەزی كراوە و مەكتەبی سیاسیی یەكێتی پێداگری دەكات لەسەر پێویستی جێبەجێكردنی وەك خۆی رێككەوتنی سیاسی نێوان یەكێتی و پارتی، كە لە كارنامەی كابینەی 9ی حكومەتدا جێگیركراوە و لەئێستادا بۆتە داخوازییەكی جەماوەری و ئەنجومەنە هەڵبژێردراوەكان.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group