ئەندامێكی دیاری تیمەكەی كۆشكی سپی كەرەنتین كرا

10/05/2020 جیهان

نەوا
ئەنتۆنی فاوچی، كە ئەندامێكی دیاری تیمی كۆشكی سپیی ئەمریكایە بۆ روبەڕوبونەوەی كۆرۆنا، لەگەڵ دوو ئەندامی دیكەی تیمەكە، خۆیان كەرەنتین كرد و هەر لە دوورەوە بەردەوام دەبن لە كارەكانیان.
ئەنتۆنی فاوچی بەڕێوەبەری پەیمانگای نیشتمانیی ئەمریكی بۆ نەخۆشییە گواستراوە و هەستیارییەكان، كە ئەندامی تیمەكەی كۆشكی سپییە بۆ بەرەنگاربونەوەی كۆرۆنا، رایگەیاند، بڕیاریداوە خۆی كەرەنتین بكات و بۆ ماوەی دوو هەفتە هەر لە دوورەوە خەریكی كارەكانی دەبێت لەگەڵ تیمەكەی كۆشكی سپی.
فاوچی لە زۆرێك لە كۆنفرانسە رۆژنامەوانییەكانی دۆناڵد ترامپ سەرۆكی ئەمریكا دەردەكەوت و قسەكانی گوێلێگیراو بوون و نزیكەی 50 ساڵە لە كەرتی تەندروستیی ئەمریكا كاردەكات.
بڕیارەكەی فاوچی دوای ئەوە دێت، كە چەند كارمەند و فەرمانبەرێكی كۆشكی سپی توشی ڤایرۆسەكە بوون، كە دواترینیان فەرمانبەرێكی تیمی رۆژنامەوانیی مایك پێنس جێگری سەرۆكی ئەمریكا و سەرۆكی تیمەكەی كۆشكی سپی بوو و پێدەچێت بەركەوتنیان لەگەڵ یەكتر هەبووبێت.
رۆژێك پێشتریش هەریەك لە رۆبەرت ریدفیڵد و ستیڤن خان، كە بەهەمانشێوە ئەندامی تیمەكەی كۆشكی سپین بۆ بەرەنگاربوونەوەی كۆرۆنا، بۆ ماوەی 14 رۆژ خرانە كەرەنتینەوە.

شەپۆلەکانی نەوا

  • زۆرترین خوێندراو
  • دواترین هەواڵ
Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group