دادگای تێهەڵچوونەوەی كەرخ سزای بەسەر عالیە نوسەیفدا سەپاند

1 کاتژمێر پێش ئێستا عێراق
نەوا-
ئەمڕۆ سێشەممە، دادگای تێهەڵچوونەوەی ناوچەی كەرخ لە بەغدا، بڕیارێكی مەدەنی بەسەر عالیە نوسەیف جاسمدا سەپاند و ناچاری كرد قەرەبوویەكی دارایی بداتە ڕاوێژكارێكی یاسایی لە وەزارەتی ناوخۆ، ئەوەش بەهۆی سەلماندنی تاوانی ناوزڕاندن و سووكایەتیكردن پێی لەكاتی جێبەجێكردنی ئەركەكانیدا.
دەستەی تێهەڵچوونەوەی مەدەنی لە دادگاكە لە بەیاننامەیەكدا ڕایگەیاند، دادگا بڕیاریداوە عالیە نوسەیف قەرەبووی دارایی بداتە حوسێن یوسف تەمیمی، ڕاوێژكاری یاسایی لە وەزارەتی ناوخۆ، دوای ئەوەی بەرپرسیارێتیی مەدەنیی سەلمێنراوە لەسەر ئەو زیانانەی بەهۆی سووكایەتیكردن و ناوزڕاندنی ئەو فەرمانبەرەوە لێكەوتووەتەوە لە چوارچێوەی یاسادا.
دەستەكە ئاماژەی بەوەش كردووە، بڕیارەكە پرەنسیپێكی دادوەری دەچەسپێنێت كە جێبەجێكردنی ئەركی فەرمی نابێت ببێتە هۆكارێك بۆ بەئامانجگرتن یان سووكایەتیكردن، هەروەها یاسا پارێزبەندی بۆ هەموو فەرمانبەرێك یان ڕاسپێردراوێك بە خزمەتی گشتی دابین دەكات كە پابەندی ئەركەكانی بێت، هاوكات مافی لێپێچینەوەش دەداتە ئەو كەسانەی مافەكانیان پێشێل دەكرێت.
لە بەشێكی دیكەی بەیاننامەكەدا هاتووە، ئەم بڕیارە پەیامێكی ڕوونی دادوەرییە كە دووپاتی دەكاتەوە دادگای عێراقی لەگەڵ سەروەریی یاسادایە و هەموو جۆرە سووكایەتییەك ڕەتدەكاتەوە كە بكرێتە سەر فەرمانبەران بەهۆی ڕاپەڕاندنی ئەركەكانیانەوە.
 جەختیشیكردووەتەوە، قەرەبووكردنەوەی مەدەنی تەنها بۆ قەرەبووی زیانەكان نییە، بەڵكو جێبەجێكردنی پرەنسیپی بەرپرسیارێتیی یاسایی و پاراستنی شكۆی دەوڵەت و كارمەندانی گشتییە.

شەپۆلەکانی نەوا

  • زۆرترین خوێندراو
  • دواترین هەواڵ
Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group