نەوا
تەندروستی رەسافە لە شاری بەغدا بەپێویستی دەزانێت دوبارە قەدەغەی هاتوچۆی گشتگیر بگەڕێنرێتەوە، چونكە ئەگەر بارودۆخەكە بەمشێوەیە بەردەوام بێت ڤایرۆسی كۆرۆنا دەمێنێتەوە و عیراق ناگاتە قۆناغی پارێزراوی و كۆتایی پەتاكە.
دوای ئەوەی قەدەغەی هاتوچۆ لە عیراق بەشێوەیەكی رێژەیی هەڵگیرا، بەڵام لەماوەی هەفتەی رابردودا سەدان توشبوی ڤایرۆسی كۆرۆنا تۆماركراون و ژمارەی توشبوان گەیشتوەتە دوو هەزار و 679 كەس و ئەوەش مەترسی بڵاوبونەوەی ڤایۆسەكەی لەسەر ئاستێكی فراوان لێ دەكرێت.
لەو نێوەندەدا عەبدولغەنی ساعدی ئەندامی لیژنەی قەیرانەكان و بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستی رەسافەی بەغدا رایگەیاندوە، پێویستی زۆریان بەوە هەیە جارێكی دیكە قەدەغەی هاتوچۆی گشتگیر بەكۆتوبەندی توندتر بگەڕێنرێتەوە، لەوانەش دەستگیركردن و غەرامە و رێوشوێنی یاسایی دژی ئەوانەی سەرپێچی دەكەن.
ئاماژەی بەوەشداوە، شانەی قەیرانەكان دیراسەی گەڕانەوەی قەدەغەی هاتوچۆ دەكات و ئەوەش زۆر گرنگە، چونكە ژمارەی توشبوان لەزیادبوندان، گرنگە لانیكەم لە كۆتاییەكانی مانگی رەمەزاندا پەیڕەو بكرێت، دوای ئەوەش دەكرێت بۆ رۆژانی جەژن چاوی پێدا بخشێنرێتەوە.
ساعدی ئەوەشی رونكردوەتەوە، ئەگەر بارودۆخەكە وەك ئێستا بمێنێتەوە ئەوا ڤایرۆسەكە دەمێنێتەوە و ناگەینە قۆناغی ئارامی و كۆتایی و زۆرینەی دەوڵەتان دەگەنە ئەو قۆناغەو بارودۆخەكە لای ئێمە دەمێنێتەوە، ئێمەش بەوە رازی نابین، كە هاووڵاتیانمان بەدەست ڤایرۆسەكەوە بناڵێنن.