نەوا
عەبدولڕەحمان مستەفا كاندیدی دەرنەچوی پۆستی وەزیری دادی عیراق جەختدەكاتەوە، د.كەمال كەركوكی ئەندامی مەكتەبی سیاسیی پارتی پێی راگەیاندوە بە رەزامەندیی هەموو لایەنەكان و بەتایبەت یەكێتی و پارتی، كاندیدكراوە بۆ ئەو پۆستە، بەڵام لەدانیشتنەكەی پەرلەماندا پەرلەمانتارانی یەكێتی لۆبییان دژی كردووە.
عەبدولڕەحمان مستەفا لە رونكردنەوەیەكی ڤیدیۆییدا دەڵێت، سەرەتا د.كەمال كەركوكی پەیوەندیی پێوەكردوە و پێیڕاگەیاندوە بە رەزامەندیی هەموو لایەنەكان و بەتایبەت یەكێتی و پارتی، كاندیدكراوە بۆ ئەو پۆستە، دواتریش خودی مستەفا كازمی پەیوەندیی پێوە كردووە و كاندیدكردنی دوپاتكردوەتەوە بە رەزامەندیی هەموو لایەنەكان، دواتریش قوباد تاڵەبانی بەهەمان شێوە پەیوەندییەكی تەلەفۆنیی لەگەڵدا كردووە و پشتگیریی خۆیانی بۆ دوپاتكردوەتەوە.
عەبدولڕەحمان مستەفا باسیش لە رۆژی دەنگدان بە كابینەكەی مستەفا كازمی دەكات لە پەرلەمانی عیراقدا و دەڵێت "لە دانیشتنی دەنگدانەكەدا و پێش پرۆسەكە، پەرلەمانتارانی یەكێتی زۆر چالاكانە دەسوڕانەوە و لەگەڵ لایەنەكاندا قسەیان دەكرد، بە شتێكی ئاسایی وەرمگرت، بەڵام كە دەنگدان دەستیپێكرد و گەیشتنە ناوی من، ژمارەیەكی كەم پەرلەمانتار دەستیان بەرزكردەوە".
ئاشكراشیكردووە، دوای پرۆسەكە، چەند پەرلەمانتارێكی عەرەب چوونەتە لای و قسەیان لەگەڵدا كردوە و پێیانڕاگەیاندوە، لۆبیەكی گەورە دژی ئەو كاریكردوە، كە دەنگی پێنەدرێت و بەلایەنەكان وتراوە، ئەگەر دەنگی پێ بدەن، ئەوا لەبەرامبەردا ئەوانیش دەنگ بە كاندیدەكانی ئەو لایەنانە نادەن.