نەوا
ئاژانسێكی هەواڵی توركیا دەڵێت، ئەمریكا و فەرەنسا دەیانەوێت پێكهاتەیەكی نوێ لە رۆژئاوای كوردستان (باكوری سوریا) دروستبكەن و لەو نێوەندەدا هەوڵی رێككەوتنی نێوان یەپەگە و ئەنەكەسە دەدەن.
ئاژانسی هەواڵی ئەنادۆڵی توركی لە راپۆرتێكیدا بڵاویكردوەتەوە، ئەمریكا و فەرەنسا هەوڵدەدەن لەڕێی بەكارهێنانی ئەنجومەنی نیشتمانیی كورد لە سوریا "ئەنەكەسە"، یەكینەكانی پاراستنی گەل "یەپەگە"، كە ئاژانسەكە بە رێكخراوێكی تیرۆریستی ناوی بردوە، بكەن بە هێزێكی یاسایی.
ئاژانسە توركییەكە نوسیویەتی، ماوەیەكە بەنێوەندگیریی فەرەنسا و ئەمریكا داواكارییەكی نوێ لە دانوستانەكانی نێوان ئەنەكەسە و یەپەگە هاتوەتە كایەوە، هەریەكە لە واشنتۆن و پاریس داوایان لە ئەنەكەسە كردوە ریزی هێزەكانی ئۆپۆزسیۆنی سوریا بەجێبهێڵێت، بۆ ئەو مەبەستەش نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستانیان هێناوەتە سەر هێڵ، كە بەوتەی ئاژانسەكە، نزیكترین هاوپەیمانی ئەنەكەسەیە. ئەنادۆڵ ئاماژەی بەوەشكردوە، ئامانجی ئەو دوو وڵاتە لە جیاكردنەوەی ئەنەكەسە لە هاوپەیمانیی نیشتمانی ئەوەیە، تەنها نوێنەری كوردی سوریا لەسەرئاستی نێودەوڵەتی ئەو پێكهاتە نوێیە بێت، كە لە رۆژئاوای كوردستان (باكوری سوریا) دادەمەزرێندرێت.