نەوا
رۆژی دووشەممە لە سلێمانی د. بەرهەم ساڵح سەرۆك كۆماری عیراق و نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان دیدارێكیان ئەنجامداو تێیدا هەلومەرجی سیاسی و هەنگاوەكانی دوای پێكهێنانی حكومەتی عیراق و پێویستیی چارەسەركردنی قەیرانەكانیان تاوتوێكرد. لە دیدارەكەدا باس لە پێشهاتە سیاسییەكانی عیراق كرا و هەردوولا بە گرنگییەوە جەختیان لە پێویستیی چارەسەركردنی قەیران و ناكۆكییەكان كردەوە بە ئاراستەی هێنانەكایەی ئارامی و ئاوڕدانەوە لە ژیان و گوزەرانی هاووڵاتیانی سەرجەم ناوچەكان بە هەرێمی كوردستانیشەوە.
سەرۆك كۆماری عیراق و سەرۆكی هەرێمی كوردستان بە بایەخەوە باسیان لە پێكهێنانی حكومەتی نوێی عیراق بە سەرۆكایەتیی مستەفا كازمی كردو داكۆكییان لە پشتیوانی و هەماهەنگی لەگەڵ حكومەتی فیدراڵدا كردەوە بۆ تێپەڕاندنی قەیرانەكان و كاركردن بۆ دابینكردنی گوزەران و تەندروستیی هاووڵاتیان، هەروا لەپێناو تێكشكاندنی پاشماوەكانی تیرۆر و سەقامگیریی ئەمنی لە هەموو ناوچەكانی عیراقدا، وێڕای چارەسەركردنی كێشە كەڵەكەبووەكانی نێوان بەغدا و هەرێمی كوردستان بە گوێرەی دەستور، بەتایبەتیش یەكلاكردنەوەی پرسی بودجە و موچەی فەرانبەران.
هەر لەو دیدارەكەی بەرهەم ساڵح و نێچیرڤان بارزانی دا باس لە پێویستیی یەكڕیزی و خاوكردنەوەی گرژییەكان لە عیراق كرا بە شێوەیەك كە هەموو هێز و تواناكان بۆ دەستەبەركردنی ئارامی و بژێویی خەڵك و ئەنجامدانی چاكسازیی بنەڕەتی تەرخان بكرێن و لەبری ناكۆكی و ململانێی تەسك، بەگوێرەی دەستوور خزمەتی خەڵك و داخوازیەكانیان بكرێت و هەردوولا جەختیان لە یەكڕیزی و تەبایی لە هەرێمی كوردستان كردەوە، بە جۆرێك هەموو لایەنەكان دوور لە گرژی و ئاڵۆزی، تواناكانیان بۆ بەدەنگەوەهاتنی پێویستیی هاووڵاتیان و دابینكردنی بژێویان و سەقامگیریی سیاسی و ئەمنی، تەرخان بكەن.