نەوا
جەمال كۆچەر سەرۆكی فراكسیۆنی یەكگرتوی ئیسلامی كوردستان لە پەرلەمانی عیراق دەڵێت "محەمەد حەلبوسی سەرۆكی پەرلەمانی عیراق پێشنیاری ئەوەی كردوە پاشەكەوتی ناچاری موچەی فەرمانبەران تا كۆتایی ئەمساڵ بكرێت و %10ی موچە پاشەكەوت بكرێت".
جەمال كۆچەر لەلێدوانێكی رۆژنامەوانیدا وتویەتی "موچەی مانگی 5یش مسۆگەرە و پێویستە حكومەت بارودۆخی فەرمانبەران لەبەرچاوبگرێت و پێش جەژنی رەمەزان دابەشی بكات".
هەروەها ئاماژەی بەوەداوە، ئەگەر لە موچەی فەرمانبەران ببڕدرێت ئەوا بە پێشنیاری سەرۆكی پەرلەمان پاشەكەوتەكە دەكرێت و 10%ی موچەی فەرمانبەران تا كۆتایی ئەمساڵ دەبڕدرێت، بەڵام ئەو هەنگاوە دەبێت بە رەزامەندی حكومەت و دەنگدانی پەرلەمان بكرێت، چونكە موچەی فەرمانبەران بە یاسا داڕێژراوە و ناكرێت یاری پێ بكرێت.
جەمال كۆچەر وتیشی "بانكی ناوەندیی دەتوانێت قەرز بداتە حكومەت، چونكە بەپێی ریزبەندیی بانكەكانی جیهان، بانكی ناوەندیی عیراق بارودۆخی باشە و دەتوانێت قەرز بداتە حكومەت بەبێ ئەوەی كاریگەری لەسەر دراوی ناوخۆ دروستببێت".
سەرۆكی فراكسیۆنی یەكگرتوی ئیسلامی لە پەرلەمانی عیراق ئاشكراشیكرد، بڕیارە لەماوەی دوو هەفتەی داهاتودا ئەنجومەنی وەزیران گفتوگۆ لەسەر پرۆژەیاسای بودجەی ساڵی 2020 بكات.
پێچەوانەی ئەو لێدوانە شیروان میرزا ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عیراق دەڵێت "حكومەت توانای ئەوەی هەیە تا كۆتایی ساڵ موچەی فەرمانبەران دابین بكات".
شیروان میرزا لەلێدوانێكی رۆژنامەوانیدا وتویەتی "حكومەتی عیراق توانای ئەوەی هەیە تا كۆتایی ئەمساڵ موچەی فەرمانبەران دابین بكات".
هەروەها جەختیكردوەتەوە لەوەی لیژنەكەیان رەتیدەكاتەوە دەست بۆ موچەی فەرمانبەران ببرێت و سیستمی پاشەكەوتی ناچاری جێبەجێ بكرێت، دەشڵێت "بەهیچ شێوەیەك لیژنەی دارایی و پەرلەمانیش بە گشتی هیچ پێشنیارێكیان بۆ پاشەكەوتی موچە پێشكەش نەكردوە".
ئەندامەكەی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عیراق رونیشیكردوەتەوە، پێشنیارەكە لە راوێژكارەكانی سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیرانەوە بوە، بەڵام پەرلەمان ئەو پێشنیارەی رەتكردوەتەوە، چونكە بەپێی ئەو زانیاریانەی لەبەردەستیانە حكومەت توانای ئەوەی هەیە موچەی تەواوی فەرمانبەران تا كۆتایی ساڵ دابینبكات.