هه‌ولێر... شۆفێرێكی گه‌نج به‌ خێرایی 200 كم دوو كه‌سی پیاده‌ی "پارچه‌ پارچه‌" كرد

13/05/2020

نه‌وا
شەوی رابردوو ئۆتۆمبێلێك بە خێرایی 200 كم لە دوو كەسی پیادە و سێ ئۆتۆمبێل دەدات و وتەبێژی هاتوچۆی هەولێریش دەڵێت "تكایە چیتر بۆخۆشی، شەقامەكانمان بەرەنگی سور بۆیە مەكەن".
موقەدەم فازڵ حاجی وتەبێژی هاتوچۆی هەولێر چەند وێنەیەكی روداوەكەی بڵاوكردۆتەوە و رایگەیاند، كاتژمێر 12:00ی شەوی رابردو لەسەر شەقامی 100 مەتری لەپێش شوێنی ترافیك لایتی عەنكاوەی پێشوو، ئۆتۆمبێلێكی تایبەت، كە كەسێكی گەنج شۆفێری بوە و كۆمەڵێك گەنجی تری لەگەڵدابو، بەخێراییەكی زۆر لێی دەخوڕی و مەزەندە دەكرێت 200كم بوبێت لەكاتژمێرێكدا، كاتێك گەیشتوەتە ناو شوێنی ترافیكەكەی پێشو، بەهۆی خێراییە زۆرەكەوە، خۆی كێشاوە بە دوو كەسی پیادەی سەر شەقامەكەدا، بەداخەوە هەردوو كەسەكەی پارچە پارچە كرد و لە دواییش نەوەستاوە، بەڵكو رایكردوە و خۆی كێشاوە بە سێ ئۆتۆمبێلی دیكەدا و زیانی مادی بە هەرسێكیان گەیاندوە.
وتەبێژی هاتوچۆی هەولێر دەشڵێت "پاش لێكۆڵینەوە توانرا ناوی شۆفێری ئۆتۆمبێلەكە بزانرێت و لەوكاتەی هەوڵدەدرا پەیوەندی پێوە بكرێت، باوكی شوفێرە گەنجەكە، كە رایكردبو، خۆی كوڕەكەی هێنا و رادەستی پۆلیسی كرد بۆئەوەی سزای خۆی وەربگرێت، ئێمەش لەكاتێكدا دەستخۆشی لە باوكەكە دەكەین، لەهەمانكاتیشدا داوا و تكایان لێدەكەین رێگانەدەن كوڕە هەرزەكارەكانیان بەتایبەتی لەو كاتانەی هاوڕێی هاوتەمەنی خۆیان لەگەڵدایە، ئۆتۆمبێل لێبخوڕن".

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group