جەلەولا.. ئاگر پانتاییەكی زۆری زەویە كشتوكاڵییەكانی گرتەوە

13/05/2020

نەوا
ئاگرێكی زۆر لە زەویە كشتوكاڵییەكانی ناحیەی جەلەولا كەوتوەتەوە و تائێستا زیانێكی مادی زۆری بەدواوە بوە، هەروەها چوار ئەندامی خێزانێكی جوتیاریش لە تەقینەوەیەكدا برینداربون.
سەرچاوەكانی هەواڵ ئاشكرایانكردوە، ئاگرێكی زۆر لە كێڵگەكانی گەنم لە گوندی "حنتە" ی ناحیەی جەلەولا كەوتوەتەوە و كێڵگەیەكی زۆری گەنم لەناوچەكەدا سوتاون.
بەپێی زانیارییەكان، ئاگرەكە هیچ زیانێكی گیانی لێ نەكەوتوەتەوە و تەنها زیانی مادی بەدواوە بوە، هەروەها تیمەكانی بەرگریی شارستانی چونە شوێنی روداوەكە بۆ كۆنترۆڵكردنی.
لەلایەكی دیكەوە هەر لە ناحیەی جەلەولا، كە دەكەوێتە باكوری خۆرهەڵاتی پارێزگای دیالە، بۆمبێكی چێندراو بە خێزانێكی جوتیار لە هەمان گونددا تەقیوەتەوە، بەهۆیەوە چوار ئەندامی خێزانەكە برینداربون، كە سێ‌ براو خوشكێكن و گواستراونەتەوە بۆ نەخۆشخانە بۆ وەرگرتنی چارەسەر.


شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group