كرێی خوێندنی ئەمساڵی قوتابخانە و پەیمانگا ئەهلییەكان 10% داشكێنرا

13/05/2020

نەوا
وەزیری پەروەردەی حكومەتی هەرێم بڕیاری دا كرێی خوێندنی ئەمساڵ لە قوتابخانە و پەیمانگا‌ ئەهلییەكان بەرێژەی 10% داشكاندنی بۆ بكرێت، هەروەها پێویستی كردوە موچەی مامۆستا و فەرمانبەرانیان وەك خۆی بدرێت.
ئالان حەمەسەعید وەزیری پەروەردەی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە فەرمانێكی وزاریدا چەند بڕیارێكی لەبارەی كرێی خوێندنی ئەمساڵ لە قوتابخانە و پەیمانگا ئەهلییەكان دەركرد و بەپێی فەرمانەكە، كرێی خوێندن بۆ ساڵی خوێندنی 2019-2020 بە بڕی 10% داشكاندنی بۆ كراوە، هەروەها پارەی خواردن و گواستنەوەی مانگەكانی 1، 2 و 3-ی ئەمساڵیش لە قوتابیانی ئەو ناوەندانەی خوێندن وەرناگیرێت.
بەپێی فەرمانەكەی وەزیری پەروەردە، بڕیارەكە ئەو قوتابیانە ناگرێتەوە، كە دایكیان یان باوكیان پلەی باڵای حكومەتیان هەبێت.
جەختیشكراوەتەوە، پێویستە سەرجەم ئەو ناوەندانەی خوێندن پابەندی ناوەڕۆكی گرێبەستەكانیان بن لەگەڵ مامۆستا و فەرمانبەرەكانیان و موچەكانیان وەك ئەوەی لە گرێبەستەكاندا هاتوە، بۆیان خەرج بكەن، ئەگەرنا، ساڵی داهاتوو مافی وەرگرتنی هیچ قوتابییەكیان نابێت.

شەپۆلەکانی نەوا

  • زۆرترین خوێندراو
  • دواترین هەواڵ
Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group