بەرپرسێكی پارتی هۆكاری راستەقینەی كۆنەبونەوەیان لەگەڵ یەكێتی ئاشكرادەكات

13/05/2020

نەوا
ئەندامێكی سەركردایەتیی پارتی رەتیدەكاتەوە ئەنجامنەدانی كۆبونەوەی هەردوو مەكتەبی سیاسیی حزبەكەی و یەكێتی، بەهۆی قسەكانی جێگری سەرۆكی پەرلەمانەوە بووبێت و دەڵێت، پەیوەستە بە سەركردایەتیی نوێی یەكێتییەوە، دوپاتیشیدەكاتەوە "ماڵی بارزان" بە مەرجەعی خۆیان دەزانن.
عەلی حسێن بەرپرسی پەیوەندییە نیشتمانیەكانی پارتی دیموكراتی كوردستان، كە هاوكات ئەندامی سەركردایەتیی حزبەكەیە، لە گفتوگۆیەكدا لەگەڵ دەنگی ئەمریكا، رەتیكردەوە هۆكاری كۆنەبونەوەی پارتی و یەكێتی لەدوایین جاردا پەیوەندیی بە لێدوانەكانی هێمن هەورامی جێگری سەرۆكی پەرلەمانی كوردستانەوە هەبوبێت و دەڵێت "هۆكاری كۆنەبونەوەی پارتی و یەكێتی ئەوەیە سەركردایەتی یەكێتی نوێیە، ئەگەرنا هۆكاری تری جەوهەری نیە، سەركردایەتی نوێی یەكێتی پێویستیان بە ئەزمونی نوێ هەیە بۆ شێوەی مامەڵەكردن لەگەڵ پارتی، بێگومان سەركردایەتی نوێی یەكێتی لە سەرەتای "تەعریفی" خۆیاندان و بەرنامەی خۆیان بۆ ئەو خەڵكانە هەیە كەچەند ساڵێكە لەیەكێتی دابڕوان".  عەلی حسێن وەڵامی قسەكانی فەرید ئەسەسەرد بەرپرسی ئەنجومەنی سەركردایەتیی یەكێتیی دایەوە، كە لە گفتوگۆیەكی پێشوودا لەگەڵ دەنگی ئەمریكا وتبوی، پارتیش بە دەردی باڵباڵێنی یەكێتی چووە و ئەوانیش باڵیان هەیە، بەرپرسەكەی پارتی رایگەیاند "پارتی لەو حیزبە كوردییانەیە هیچ باڵ و ئاڕاستە و گروپێكی جیاوازمان نیە یەك مەرجەعمان هەیە، ئەویش ماڵی بارزان و جەنابی سەرۆك مەسعود بارزانی-یە".


شەپۆلەکانی نەوا

  • زۆرترین خوێندراو
  • دواترین هەواڵ
Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group