هۆكاری كوشتنی دوو ژن لە سلێمانی روندەكرێتەوە

13/05/2020

نەوا-لاڤە كوردە 
لەماوەی قەدەغەی هاتوچۆدا سەرەڕای مانەوەی هاووڵاتیان لە ماڵەوە، چەندین حاڵەتی كوشتن و خۆكوشتن لە ناوچەكانی هەرێمدا تۆماركران، دەربارەی كوشتنی دوو كچیش لە سنوری پارێزگای سلێمانی چالاكوانێكی ژنان ئاماژە بەوەدەكات هەردوو حاڵەتەكە دەكەوێتە ئەستۆی حكومەت، بەڕێوەبەری راگەیاندن و پەیوەندیەكانی پۆلیسی سلێمانی-ش دەڵێت "ژنان لەكاتی كێشەكاندا بەهۆی كێشەی كۆمەڵایەتی و قسەی دەوروبەر سكاڵا تۆمارناكەن".
هانا شوان چالاكوانی ژنان لەمیانی بەشداریكردنی لە بەرنامەی رۆژی سێشەممەی "شەقام"ی رادیۆ نەوادا وتی "لە سلێمانی تا رادەیەك پۆلیس هەماهەنگ نییە و رێكخراوەكانی تایبەت بە بابەتەكەش ئەرك و رۆڵی خۆیان بەهەند وەرنەگرتوە، پێشتر كوشتن لە كۆمەڵگەی كوردیدا لەسەر شەرەف و لەلایەن كەسوكارەوە بو، بەڵام ئێستا هەلومەرجەكە گۆڕاوە، كوشتنی ژنان لە لایەن خۆشەویست یاخود هاوسەرەكانیانەوەیە".
وتیشی "دوو هەفتە بەر لە ئێستا و لەكاتی قەدەغەی هاتوچۆدا، دوو حاڵەتی كوشتن هەبوو، یەكێكیان لە شوێنێك كاری كردوە و لەوێ كەسێكی ناسیوە پێیوتوە بچێتە ماڵەوە خواردنی بۆ دروستبكات لە بەرانبەردا بڕێك پارەی پێبدات، كچەكەش بەهۆی ئەوەی لە خێزانێكی كەمدەرامەت بوە، رازی بوە و دواتر لە ماڵەكە كوڕەكە گوللـەیەكی پێوەناوە و كوشتویەتی".
ئەو چالاكوانە، هۆكاری ئەو جۆرە روداوە دەخاتەئەستۆی حكومەتی هەرێم و دەڵێت "ئەو كچە قۆناغەكانی خوێندنی تەواو كردوە و دانەمەزراو بوە و بەهۆی هەژارییەوە ئەو ئیشەی كردوە، حاڵەتی دووەمیش كوشتنی ژنێكە، كە دوو منداڵی هەبوە و داوای هاوسەرگیری لێكراوەتەوە، بەڵام رازی نەبوە و دواتر، كە زانیویانە بێ پشت و پەنایە و بە تەنها دەژی، چون كوشتویانە".
سەبارەت بە هەڕەشەی سەر ژنان و سكاڵاكردنیشیان، نەقیب سەركەوت ئەحمەد بەڕێوەبەری راگەیاندن و پەیوەندییەكانی پۆلیسی سلێمانی لە بەرنامەكەدا وتی "بەڕێوەبەرایەتی پۆلیس دەزگایەكی جێبەجێكردنە، هەركەسێك هەڕەشەی لەسەربێت پێویستی بە بڕیاری دادگا و دادوەر هەیە، ئەو كچەی باس دەكرێت، چوەتە دەزگایەكی تر و وتویەتی هەڕەشەم لەسەرە نەك لە بنكەكانی پۆلیس، ئەگەر سكاڵای بكردایە ئەوا دەتوانرا بكوژەكە پێشتر دەستگیربكرێت و ئەو روداوە روینەدایە، بەڵام بە گشتی ژنان كاتێك هەڕەشەیان لەسەرە كە بەهۆی كێشەی كۆمەڵایەتییەوە زیاتر لەبەر قسەی خەڵك ناچنە بنكەكانی پۆلیس یاخود دادگان هەتا بڕیاری دادگاش بۆ دەستگیركردنی كەسێك نەبێت، هێزەكانی پۆلیس ناتوانن بۆ پێنج خولەكیش هیچ كەسێك دەستگیربكەن".

شەپۆلەکانی نەوا

  • زۆرترین خوێندراو
  • دواترین هەواڵ
Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group