وته‌بێژی حكومه‌ت له‌ باره‌ی دابه‌شكردنی موچەوە رونكردنه‌وه‌ ده‌دات

13/05/2020

نەوا ـ سەعید عەبدوڵڵا ـ هەولێر
دوای كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان جوتیار عادل وتەبێژی حكومەتی هەرێمی كوردستان رایگەیاند، كە لە كۆبوونەوەكەدا سێ تەوەری سەرەكیی گفتوگۆیان لەسەر كراوە یەكێكیان گفتوگۆی نێوان هەولێر و بەغدایە.
 جوتیار عادل وتیشی، لە كۆبوونەوەكەی ئەمرۆ یەكێك لە تەوەرەكان باسی دابینكردنی موچەی فەرمانبەران بووە و لە تەوەری دووەمیشدا باس لە گفتوگۆكانی هەولێر و بەغدا و سێیەم تەوەریش بابەتی پڕۆژە یاساكان بووە، كە رەوانەی پەرلەمان دەكرێت.
لەبارەی پەیوەندییەكانی هەولێر و بەغدا جوتیار عادل باسی لەوەكرد كە سەردانی وەفدی حكومەتی هەرێم بۆ بەغدا ئەنجام دەدرێت و قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆك وەزیران سەرۆكایەتی دەكات، بەڵام كاتەكەی دیاری نییە، لەكاتێكدا ئێستا حكومەتی عیراق سەرقاڵی داڕشتن و دیاریكردنی هێلەكانی كاری خۆیەتی بۆیە دەبێ كەمێك چاوەڕێ بكەین دواتر سەردانەكەی وەفدی هەرێم دەچنە بەغدا، هەرچییەكی پەیوەندە بە حكومەتی هەرێم ئێمە ئامادەی جێبەجێ كردنی ئەو ڕێككەوتنەكەی كە لە كۆتایی ساڵی ٢٠١٩ ئەنجاممانداوە و ئەوەیشی لە ئەستۆمان بێ جێبەجێی دەكەین.
هەروەها باسی لەوەشكرد كە بۆ چارەسەری ئەو دۆسیانەی هەیە لەگەڵ حكومەتی هەرێمی كوردستان دەستور پێوەر و هەرچییەك لە چوارچێوەی دەستوور بێ ئێمە قبوڵمانە.
لەبارەی موچەی فەرمانبەرانی هەرێمیشەوە وتەبێژی حكومەتی هەرێم گوتی ئێمە داهاتمان زۆر كەم بۆتەوە و پارەشمان لە بەغداوە بۆنایات، ئەو پارەیەی كە دەكەوێتە دەستمان بەپێی خشتەی خۆمان دابەشی دەكەین، ئێمە ئەمساڵ سێ موچەمان دابەشكردووە، وە سێ موچەی كابینەی پێشوومان لەسەر ماوە. بۆیە ئەوەی دەگوترێت موچە دابەش نەكراوە راست نییە، بەلای حكومەتەوە ئەوەی گرنگە ئەوەیە كە بازاڕ بەردەوام بێ و هاوڵاتیان گوزەرانیان بسوڕێ.
باسی لەوەشكرد، هەموو هەوڵێك دەدەن تا پێش جەژن موچەی سەرجەم وەزارەتەكان دابەشبكەن و لە مانگەكانی داهاتوودا بە گوێرەی داهات موچە رێكدەخەنەوە.
لەبارەی بەرنامەی حكومەتی هەرێم و بابەتی لامەركەزیەت جوتیار عادل باسی لەوەكرد كە حكومەت بڕوای بە شۆركردنەوەی دەسەڵاتەكان هەیە و بەڵێنمانداوە و جێبەجێی دەكەین و ئەو بریارەشمان بۆ هەر چوارپارێزگاكەی هەرێمە و بڕوامان بە لامەركەزی ئیداری هەیە و جێبەجێ كردنی ئەو بەرنامەیەش ئەركە لەسەر ئەستۆی هەرسێ حزبی بەرپرس و بەشداری حكومەت.
هەروەها وتیشی كە حكومەتی هەرێمی كوردستان پەیوەستە بە جێبەجێكردنی پڕۆژەیاسای چاكسازی و ئەو پرۆسەیەش پەیوەندی بە دابەزین و بەرزبوونەوەی نرخی نەوتەوە نییە. بەڵكو ئەوە پێویستیییە و دەكرێ و لەپێناو شەفافییەت و دادپەوەری كاردەكەین و خزمەتی چینی هەژاران بەرئەركی خۆی دەزانێ.
لەبارەی پڕۆژە یاساكانیش جوتیار عادل وتی لە كۆبوونەوەی ئەمڕۆماندا پڕۆژەیاساكانی مافی نەخۆش و پشتیوانی فەرمانبەرانمان گفتوگۆكردووە و رەوانەی پەرلەمانی كوردستانی دەكەین.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group