داوا دەكرێت بۆ ماوەی دوو هەفتە قەدەغەی گشتگیری هاتوچۆ بسەپێنرێتەوە

14/05/2020 عێراق

نەوا
ژمارەی توشبوانی  ڤایرۆسی كۆرۆنا لە عیراق سێ‌ هەزار تێدەپەڕێنێت، وەزیری تەندروستی وڵاتەكە هۆشداری دەدات و شانەی قەیرانەكانی پەرلەمانیش داوا دەكات بۆ ماوەی دوو هەفتە قەدەغەی گشتیی هاتوچۆ لە سەرجەم پارێزگاكاندا بسەپێنرێت.
بەپێی دوایین ئامارەكانی وەزارەتی تەندروستی عیراق ژمارەی توشبوانی ڤایرۆسی كۆرۆنا بەردەوامە لەبەرزبونەوە و تا ئێستا 3 هەزار و 32 توشبو و 115 گیانلەدەستدان تۆماركراون، كە بەشێكی زۆری ئەو توشبوانە لە بەغدای پایتەختن.
لای خۆیەوە حەسەن تەمیمی وەزیری تەندروستی لە بەیاننامەیەكدا هۆشداری داوە لە زیادبونی ژمارەی توشبوانی ڤایرۆسەكە و داوا لە هەموولایەك دەكات رۆڵی خۆیان ببین بۆ سنورداركردنی بڵاوبونەوەی ڤایرۆسەكە، هەمان داوا لە پیاوانی ئایینی و سەرۆك عەشیرەتەكان دەكات هاووڵاتیان هان بدەن پابەندی رێنماییە تەندروستییەكان بن.
تەمیمی داواشی لە هێزە ئەمنیەكان و تیمە تەندروستیەكان كرد رێوشوێنی توند بگرنەبەر دژی گردبونەوە و قەرەباڵغی ناوبازاڕ، كە تێیدا خەڵك كۆدەبنەوە و پابەندنابن.
لەلایەكی دیكەوە فالح زیادی ئەندامی شانەی قەیرانەكانی پەرلەمان داوادەكات قەدەغەی هاتوچۆی گشتگیر لە سەرجەم پارێزگاكانی عیراق بۆ ماوەی دوو هەفتە بسەپێنرێت. پێشی وایە بەرزبونەوەی ژمارەی توشبوانی كۆرۆنا بەهۆی ئەوەیە جدی نین لە جێبەجێكردنی رێنماییەكانی خۆپاراستن.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group