رێواز فایەق: بانگهێشت بۆ كۆبونەوەیەكی پەرلەمان ناكەم سودی بۆ خەڵكی كوردستان نەبێت

14/05/2020

نەوا-سەعید عەبدوڵڵا-هەولێر
رێواز فایەق سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان جەختدەكاتەوە، بانگهێشت بۆ كۆبونەوەی پەرلەمان ناكات، كە سودی بۆ خەڵكی كوردستان نەبێت. سەرۆكی فراكسیۆنی گۆڕانیش دەڵێت "پەرلەمان چالاك نییە، سەرۆكایەتی پەرلەمان هۆكارە".
ئەمڕۆ رێواز فایەق لەلێدوانێكی رۆژنامەنوسیدا ئاماژەی بەوەكرد یاداشتی بەشێك لە سەرۆكی فراكسیۆنەكانی پەرلەمانیان پێگەیشتوە و تاووتوێی دەكەن، بۆ كۆبونەوەش لەگەڵیان بڕیاری خۆیان دەدەن.
لەبارەی دانیشتنەكانی پەرلەمانی كوردستانیش وتی "دانیشتنی پەرلەمانی كوردستان ئەوكاتە دەبێت، كە شكۆی پەرلەمان بگەڕێتەوە و پەرلەمان بڕیاری هەبێت، بۆیە من بانگهێشتی هیچ كۆبونەوەیەكی پەرلەمان ناكەم ئەگەر سودی بۆ خەڵكی كوردستان نەبێت".
لەلایەن خۆیەوە عەلی حەمەساڵح سەرۆكی فراكسیۆنی گۆڕان لە پرێس كۆنفرانسێكدا وتی "تائێستا پەرلەمانی كوردستان چالاك نەبوە، چونكە قسەی لەسەر كێشەكان نەكردوە، پێویستە فراكسیۆنەكان و سەرۆكایەتی پەرلەمان كۆببنەوە و دەبێت قسە لەسەر كێشە جدییەكان بكات، ئەو ناچالاكییەی هەیە لە ئەستۆی سەرۆكایەتی پەرلەمانە، كێشەكەش لای سەرۆكایەتییە، بۆیە گەنگەشەی ئێمە ئەوەیە لە ئایندەی نزیكدا كۆبونەوە لەگەڵ هەموو سەرۆك فراكسیۆنەكان و سەرۆكایەتی پەرلەمان بكرێت تا ئەم دۆخە تێپەڕێنین".
باسی لەوەشكرد، ئێستا بەشێك لە فراكسیۆنەكان داواكارییان داوەتە سەرۆكایەتی بۆ كۆبونەوە لەسەر كۆمەڵێك دۆسیەی جیاواز لەوانەش قاچاغ و دزی لە خاڵە سنورییەكان، هەروەها خەڵك نانی نییە بیخوات.
عەلی حەمەساڵح وتیشی "كۆبونەوەی سەعات 12ی نیوەڕۆی ئەمڕۆ لەنێوان سەرۆكی فراكسیۆنەكاندا نەكرا، چونكە دەبێت كۆبونەوە لەگەڵ سەرۆكایەتی پەرلەمان بێت".

شەپۆلەکانی نەوا

  • زۆرترین خوێندراو
  • دواترین هەواڵ
Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group