نیوزیلاند.. رێگە نەدرا سەرۆك وەزیران بچێتە ناو كافێیەك

16/05/2020 هەمەڕەنگ

نەوا
خاوەنی كافێیەك لە پایتەختی نیوزیلاند رێگەی نەدا سەرۆك وەزیران و دەستگیرانەكەی بچنە ژورەوە، ئەمەش بە هۆی رێنماییەكانی خۆپارێزی و رەچاوكردنی دووری كۆمەڵایەتی.
جاسیندا ئاردێرن سەرۆك وەزیرانی نیوزیلاند و كلارك گیفۆردی دەستگیرانی بەنیاز بوون دوو رۆژ دووای هەڵگرتنی قەدەغەی هاتووچۆ و كردنەوەی كافێ و خواردنگەكان بچنە كافێیەك لە شاری ویلنگتۆن، بەڵام خاوەنی كافێكەی رێگەی پێنەدان، بە پاساوی ئەوەی كافێكە پڕە و پێویستە لەسەر شەقام چاوەڕێ بكەن.
سەرباری كەمكردنەوەی رێكارەكانی خۆپارێزی بەڵام رێنماییەكانی رەچاوكردنی مەودا و دووری كۆمەڵایەتی بەركارن و بەو هۆیەشەوە سەرۆك وەزیرانی نیوزیلاند وەك هەر هاوڵاتیەكی دیكە چاوەڕێی كردووە تا مێزەكان چۆڵ ببن.
ئەو هەڵوێستە كاردانەوەی زۆری لە تۆڕە كۆمەڵایەتیەكان بەدوای خۆیدا هێناوە و زۆربەی هاوڵاتیانی نیوزلەندی پشتگیری هەڵوێستی خاوەن كافێكە و سەرۆك وەزیرانیان كردووە بە هۆی پابەندبوونیان بە رێنماییەكانی خۆپارێزی.
بەشێكی كەمی هاوڵاتیان و بەكاربەرانی تۆڕە كۆمەڵایەتیەكانیش لەو بڕوایەدان كە دەكرا لە بری ئەوەی لەسەر شەقام بهێڵرێنەوە، رێگەیان پێبدرایە لە ناو كافێكە چاوەڕێیان بكردایە.
جاسیندا ئاردێرن بە یەكێك لەو سەركردانە دادەنرێت كە مامڵەیەكی گونجاوی لەگەڵ پرسی كۆرۆنادا كردووە و هەر لە مانگی ئادارەوە وێڕای داخستنی سنورەكانی وڵاتەكەی و راگرتنی گەشتە ئاسمانیەكان بە شێوەیەكی توند قەدەغەی هاتوچۆی لە وڵاتەكەی راگەیاندووە.
لە پێنج رۆژی رابردوودا تەنها یەك حاڵەتی تووشبوون بە كۆرۆنا لە نیوزیلاند تۆمار كراوە و بەوەش كۆی تووشبوانی كۆرۆنا لەو وڵاتە گەیشتوەتە هەزار و 498 كەس و لەو ژمارەیەش 21 كەس گیانیان لەدەستداوە.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group