"قەیرانی دارایی هەرێم ئەنجامی میكانزمێكی سیستماتیك بوە"

9 کاتژمێر پێش ئێستا

نەوا-
بەپێی راپۆرتێكی فەرمانگەی میدیاو زانیاریی، هەرێمی كوردستان بەبڕی 65 ترلیۆن دینار لەخەرجییە سەروەرییەكانی عیراق بەشدار بوە لەكاتێكدا تەنها 41 ترلیۆن دینار بۆ هەرێمی كوردستان نێردراوەو هیچ بڕەپارەیەكیش لە خەرجی سەروەری بۆ هەرێمی كوردستان نەنێردراوە.
ئاماژەشیكردوە، بەپێی داتاكانی تایبەت بەپشكی هەرێم لە یاساكانی بودجەی فیدراڵی بۆ ماوەی 12 ساڵی رابردو (2014-2025) قەیرانی دارایی هەرێم ئەنجامی میكانزمێكی سیستماتیك بوە بۆ كەمكردنەوەی شایستە دارایییەكانی خەڵكی كوردستان لەڕێگەی لێبڕینی نادادپەروەرانەی خەرجییە سیادییەكان و پابەندنەبون بە یاساكانی بودجەوە، كۆی گشتی بودجەی عیراقیش لەو ماوەیەدا گەیشتوەتە یەك كوادرلیۆن و 767 ترلیۆن دینار.

ئەمەی خوارەوە دەقی راپۆرتەكەیە:- 
هەرێمی كوردستان بەبڕی 65 تریلیۆن دینار لە خەرجییە سەروەرییەكانی عێراق بەشدار بووە و هیچ بڕەپارەیەكیشی لە بودجەی سەروەری بۆ نەنێردراوە
لە نوێترین ڕاپۆرتی شیكاری و ئاماریدا، كە لە 7ی تشرینی دووەمی 2026 لەلایەن فەرمانگەی میدیا و زانیاریی حكومەتی هەرێمی كوردستان، بە هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتی دارایی و ئابووریی بڵاو كراوەتەوە، داتاكانی تایبەت بە پشكی هەرێم لە یاساكانی بودجەی فیدراڵی بۆ ماوەی 12 ساڵی ڕابردوو (2014-2025) خراونەتە ڕوو. ڕاپۆرتەكە بە بەڵگەی ژمارەیی دەیسەلمێنێت، كە قەیرانی داراییی هەرێم ئەنجامی میكانیزمێكی سیستماتیك بووە بۆ كەمكردنەوەی شایستە دارایییەكانی خەڵكی كوردستان، لە ڕێگەی لێبڕینی نادادپەروەرانەی خەرجییە سیادییەكان و پابەندنەبوون بە یاساكانی بودجە.
بەگوێرەی داتاكانی بودجەی گشتیی عێراقی فیدڕاڵ، هەرێمی كوردستان بە بڕی زیاتر لە 65  تریلیۆن دینار بەشدار بووە لە خەرجییە سەروەرییەكان، لە كاتێكدا تەنیا 41 تیلیۆن دینار بۆ هەرێمی كوردستان نێردراوە و هیچ بڕەپارەیەكیش لە خەرجیی سەروەری بۆ هەرێمی كوردستان نەنێردراوە.
بەپێی داتا فەرمییەكان، كۆی گشتیی بودجەی عێراق لە ماوەی 12 ساڵی ڕابردوودا گەیشتووەتە یەك كوادریلیۆن و 767 تریلیۆن دینار. لەم بڕەدا، كۆی پشكی هەرێمی كوردستان پێش لێبڕینی خەرجییە سیادییەكان، زیاتر لە 245 تریلیۆن دینار بووە و دوای لێبڕینی خەرجییە سیادییەكانیش، شایستەی سافییی یاساییی هەرێم لەسەر كاغەز 146 تریلیۆن دینار بووە. 


بەڵام لە ڕووی كردارییەوە، حكومەتی فیدراڵی لە تەواوی ئەو 12 ساڵەدا، تەنیا 41 تریلیۆن دیناری وەك دابینكردنی دارایی بۆ هەرێم ناردووە. ئەمەش واتە هەرێمی كوردستان لە واقیعدا، تەنیا ڕێژەی %2.04ی كۆی گشتیی بودجەی عێراقی پێ دراوە، لە كاتێكدا پشكی فەرمیی هەرێم لە ساڵانی 2014 تا 2017 ڕێژەی %17 بووە و لە ساڵی 2018 بەدواوە بەبێ بنەمای یاسایی بۆ %12.67 كەم كراوەتەوە.
هەروەها لە كۆی 144 مانگ پارەی نێردراو لە بەغداوە، تەنیا بەشی دابینكردنی 46 مووچەی كردووە و مووچەی 8 ساڵی مووچەخۆرانی هەرێم نەنێردراوە.
كاریگەریی ڕاستەوخۆ لەسەر مووچەخۆران (46 مووچە لە 144 مانگدا)
شیكارییە ئابوورییەكان نیشانی دەدەن، كە لە ساڵی 2015 بەدواوە، حكومەتی فیدراڵی، بەبێ ڕەزامەندیی حكومەتی هەرێم، پشكی كوردستانی بەستووەتەوە بە مەرجی "خەرجیی فیعلی" و تەنیا لە چوارچێوەی مووچەدا مامەڵەی لەگەڵدا كردووە. لە كۆی 144 مانگی ماوەی نێوان 2014 بۆ 2025، ئەو 41 تریلیۆن دینارەی نێردراوە، تەنیا بەشی دابینكردنی مووچەی 46 مانگی كردووە (نزیكەی 4 ساڵ)، لە كاتێكدا مووچەی 8 ساڵ نەنێردراوە، كە ئەمەش وای كرد حكومەتی هەرێم بۆ دابینكردنی بژێویی هاووڵاتییان پەنا بۆ هەناردەكردنی ڕاستەوخۆی نەوت ببات.


ناردنی بودجە و پشكی هەرێم بەپێی ساڵەكان (2014-2025)
• ساڵی 2014: لە كۆی 174.6 تریلیۆن دیناری بودجەی عێراق، پشكی سافیی هەرێم 20 تریلیۆن دینار بووە، بەڵام تەنیا 2.28 تریلیۆن دینار نێردراوە (%1.3ی بودجە) بۆ مووچەی 3 مانگ.
• ساڵی 2015: لە كۆی 119.5 تریلیۆن دینار، پشكی سافیی هەرێم 14.8 تریلیۆن بووە، بەڵام تەنیا 2.47 تریلیۆن دینار نێردراوە (%2.07ی بودجە) بۆ مووچەی 3 مانگ.
• ساڵانی 2016 و 2017: لە ساڵی 2016دا پشكی سافیی هەرێم 13.1 تریلیۆن و لە 2017دا 11.6 تریلیۆن دینار بووە، بەڵام لە هەردوو ساڵەكەدا بەغدا هیچ بڕە پارەیەكی نەناردووە (%0.00).
• ساڵی 2018: پشكی هەرێم بۆ %12.67 كەم كرایەوە. لە كۆی 104.1 تریلیۆن دینار، پشكی سافیی هەرێم 6.8 تریلیۆن بوو، بەڵام تەنیا 2.85 تریلیۆن دینار نێردرا (%2.74ی بودجە) بۆ مووچەی 3 مانگ.
• ساڵی 2019: لە كۆی 133.1 تریلیۆن دینار، پشكی سافیی هەرێم 9.9 تریلیۆن بوو، لەو بڕە 5.31 تریلیۆن دینار نێردرا (%3.99ی بودجە) بۆ مووچەی 6 مانگ.
• ساڵی 2020: بەپێی یاسای بەڕێوەبردنی دارایی، لە كۆی 148 تریلیۆن دیناری خەرجكراو (پشكی هەرێم 18.7 تریلیۆن بوو)، تەنیا 2.18 تریلیۆن دینار نێردرا (%1.48ی بودجە) بۆ مووچەی 3 مانگ.
• ساڵی 2021: لە كۆی 129.9 تریلیۆن دینار، پشكی سافیی هەرێم 11.4 تریلیۆن بوو، بەڵام تەنیا 1.2 تریلیۆن دینار نێردرا (%0.92ی بودجە) بۆ مووچەی 1 مانگ.
• ساڵی 2022: لە كۆی 122 تریلیۆن دیناری خەرجكراو (پشكی هەرێم 15.4 تریلیۆن بوو)، تەنیا 400 ملیار دینار نێردرا (%0.33ی بودجە) بۆ مووچەی 1 مانگ.
• ساڵی 2023: لە كۆی 198.9 تریلیۆن دینار، پشكی سافیی هەرێم 16.5 تریلیۆن بوو، بەڵام 4.69 تریلیۆن دینار نێردرا (%2.36ی بودجە) بۆ مووچەی 5 مانگ.
• ساڵی 2024: لە كۆی 211.8 تریلیۆن دینار، پشكی سافیی هەرێم 20.9 تریلیۆن بوو، لەو بڕە 10 تریلیۆن دینار نێردرا (%4.73ی بودجە) بۆ مووچەی 11 مانگ.
• ساڵی 2025: لە كۆی 211.8 تریلیۆن دینار، پشكی سافیی هەرێم 20.9 تریلیۆن بوو، كە لێیەوە 9.59 تریلیۆن دینار نێردراوە (%4.53ی بودجە) بۆ مووچەی 10 مانگ.
هاوكێشەی خەرجییە سیادییەكان؛ داوێكی ژمێریاری دژی پشكی هەرێم
لە ساڵی 2015 بەدواوە، ژمارەی بڕگەكانی خەرجیی سیادی لە 10 بڕگەوە زیاد كران بۆ 100 بڕگە. لە ماوەی 12 ساڵدا، زیاتر لە 65 تریلیۆن دینار لە پشكی هەرێم وەك خەرجیی سیادی بڕدراوە (كە پترە لە تەواوی ئەو 41 تریلیۆنەی نێردراوە)، بەبێ ئەوەی هەرێم و وەزارەتی كاروباری پێشمەرگە هیچ سوودێكیان لەو خەرجییە سیادییانە و قەرزەكانی عێراق پێ بگات.
بۆنموونە لە بودجەی سێ ساڵەدا (2023-2025)، خەرجییە سیادییەكان 142.3 تریلیۆن دینارە (%23ی كۆی بودجە)
• شێوازی حكومەتی فیدراڵی: بەغدا %12.67 لە كۆی گشتیی خەرجییە سیادییەكان دەبڕێت، كە دەكاتە 18.1 تریلیۆ دینار.
• شێوازی دادپەروەرانە: پێویستە بەشداریی هەرێم لەسەر بنەمای پشكی گشتیی خۆی بێت پێش لێبڕین (78.8 تریلیۆن) جارانی %12.67، كە دەكاتە 9.9 تریلیۆن دینار.
• ئەنجامی جیاوازییەكە: بەغدا نزیكەی دووهێندە لە پشكی هەرێم دەبڕێت، كە زیانەكەی دەگاتە 8.2 تریلیۆن دینار لەو سێ ساڵەدا (2.7 تریلیۆن دینار لە هەر ساڵێكدا).
پێشێلكاریی دیمۆگرافی و پشتگوێخستنی سەرژمێریی 2024
بەپێی ئەنجامی سەرژمێریی گشتیی ساڵی 2024ی وەزارەتی پلاندانانی فیدراڵی، ڕێژەی دانیشتووانی هەرێمی كوردستان %14.14ی عێراق پێك دەهێنێت. سەرەڕای ئەمە، حكومەتی فیدراڵی لە ڕەشنووسی بودجەی ساڵی 2027یشدا چاوپۆشیی لە ئەنجامی سەرژمێرییەكە كردووە و پشكی هەرێمی بۆ %12.70 كەم كردووەتەوە. ئەم داتایانە دەستنیشانی دەكەن، كە كێشەی داراییی هەرێم كێشەی پابەندبوون نەبووە، بەڵكوو پڕۆسەیەكی دارایی بووە بۆ كەمكردنەوەی شایستە دارایییەكانی خەڵكی كوردستان بۆ كەمترین ئاست.

شەپۆلەکانی نەوا

  • زۆرترین خوێندراو
  • دواترین هەواڵ
Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group