شوشكه‌یى: پارتى سوره‌ له‌سه‌ر كاندیدكردنی فوئاد حسێن بۆ وه‌زاره‌تى ده‌ره‌وه‌

17/05/2020

نه‌وا
سه‌لیم شوشكه‌یى په‌رله‌مانتارى كۆمه‌ڵى ئیسلامى له‌ ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانى عیراق ده‌ڵێت "پارتى دیموكراتى كوردستان سوره‌ له‌سه‌ر كاندیدكردنی فوئاد حسێن بۆ پۆستى وه‌زیرى ده‌ره‌وه‌".
سه‌لیم شوشكه‌یى له‌لێدوانێكى رۆژنامه‌وانیدا وتویه‌تی "پۆستى وه‌زیرى ده‌ره‌وه‌ى عیراق پشكى پارتى-یه‌ و رێگه‌ به‌هیچ حزبێكى دیكه‌ی سیاسیى كوردستان نادات بۆچونى خۆى بڵێت و راوێژ له‌گه‌ڵیاندا بكات بۆ دیاركردنى كاندیدێك بۆ ئه‌و پۆسته‌".
راشیگه‌یاند، ئه‌و زانیاریانه‌ى لاى ئه‌وانه‌ سه‌باره‌ت به‌و پۆسته‌، باس له‌وه‌ ده‌كه‌ن پارتى سوره‌ له‌سه‌ر كاندیدكردنی فوئاد حسێن، سه‌ره‌ڕاى ئه‌وه‌ى له‌لایه‌ن چه‌ندین هێزى سیاسییه‌وه‌ ره‌تده‌كرێته‌وه‌.
به‌وته‌ی سه‌لیم شوشكه‌یى، حزبه‌ سیاسییه‌ كوردستانییه‌كانیش هیچ بۆچونێكیان نابێت سه‌باره‌ت به‌ كاندیده‌كه‌، چونكه‌ پشكى پارتی-یه‌ و ئه‌و حزبه‌ هه‌ركه‌س دیاریبكات پشتگیرى ده‌كه‌ن.
به‌گوێره‌ی زانیارییه‌كانی رادیۆ نه‌واش، كه‌ له‌ سه‌رچاوه‌یه‌كی ئاگاداره‌وه‌ وه‌ریگرتوه‌، له‌ دیداره‌كه‌ی مێرگه‌پانی نێوان به‌رهه‌م ساڵح سه‌رۆك كۆماری عیراق و نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان، سه‌رۆك كۆمار جه‌ختیكردوه‌ته‌وه‌، ئه‌گه‌ر جارێكی دیكه‌ فوئاد حسێن كاندیدبێت بۆ پۆستی وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی عیراق، ئه‌وا متمانه‌ی لایه‌نه‌ عیراقییه‌كان به‌ده‌ستناهێنێت.


شەپۆلەکانی نەوا

  • زۆرترین خوێندراو
  • دواترین هەواڵ
Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group