نەوا
ئەنجومەنی مامۆستایانی ناڕازی هەولێر هۆشداریی دەدەنە حكومەتی هەرێم و رایدەگەیەنن، هەر لێكەوتەیەكی خراپ لەسەر پرۆسەی خوێندن و تاقیكردنەوەكان دروست ببێت لە ئەستۆی حكومەتی هەرێمە و داوای دەستبەجێ ئازادكردنی مامۆستا دەستگیركراوەكانی دهۆكیش دەكەن.
ئەنجومەنی مامۆستایانی ناڕازی هەولێر، لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەنوسیدا راگەیەندراوێكی بڵاوكردەوە و رایگەیاند،"بەنیگەرانییەوە رایدەگەیەنین، ئێمە ئێستا لە كۆتایی مانگی پێنجی 2020داین، بەڵام حكومەت نەیتوانیوە موچەی مانگی یەك دابەشبكات، بۆیە هۆشداریی دەدەین لە شكستهێنانی كەرتی پەروەردە و دابەزینی ئاستی زانستی قوتابیان و نەمانی ئاست و شكۆی مامۆستایان و ناوەندەكانی خوێندن."
لە بەشێكی دیكەی راگەیەندراوەكەدا هاتوە،"داوادەكەین حكومەتی هەرێم رەوشی دارایی و پێدانی موچە ئاسایی بكاتەوە و رێگربێت لەوەی موچەی فەرمانبەران نەبێتە قوربانی شەڕی سیاسی حزبەكان و پەیوەندی نێوان هەرێم و بەغدا.
راشیگەیاندووە،"گردبونەوە و خۆپیشاندان بە مافێكی سروشتی هەمو تاكێك دەزانین بۆیە داوا دەكەین سەرجەم مامۆستایانی دهۆك ئازادبكرێن. لەبەرامبەر جێبەجێنەبونی داواكارییەكانمان هەمو دەرگایەك لەبەردەممان واڵایە بۆ ئەنجامدانی هەر چالاكییەكی مەدەنی دور لە توندوتیژی، چونكە ئێمە داوای مافەكانمان دەكەین و دژی هیچ كەس و لایەنێك نەبوین و نابین."
ئەنجومەنی مامۆستایانی ناڕازی هەولێر جەختیشی كردۆتەوە،"كە هەر لێكەوتەیەكی خراپ لەسەر پرۆسەی خوێندن و تاقیكردنەوەكان دروست ببێت لە ئەستۆی حكومەتی هەرێمی كوردستانە."