سەرۆكایەتیی یەكێتی: درێژەدان بە هەوڵی دروستكردنی سەركردایەتیی هاوبەشی یەكێتی و گۆڕان بە ئەركی سەرەكیمان دەزانین

19/05/2020

نەوا
سەرۆكایەتیی یەكێتی لە ساڵیادی كۆچی دوایی نەوشیروان مستەفادا پەیامێكی بڵاوكردەوە، رایگەیاندووە، دوا هەنگاوی سیاسیی مام جەلال و كاك نەوشیروان، كاركردن بووە بۆ دروستكردنی سەركردایەتیی هاوبەشی یەكێتی و گۆڕان، بۆیە درێژەدان بەو هەنگاوە‌ بە ئەركێكی سەرەكیی خۆیان دەزانن و خەباتی بۆ دەكەن.

دەقی پەیامەكە...

ئەمڕۆ ساڵیادی كۆچی دوایی سەركردەیەكی قارەمانی كوردستانە.
 لەم یادەدا سەری رێز و وەفا بۆ هزر و خەبات و قەڵەمی نیشتمانپەروەرێك دادەنەوێنین، كە بەدەم رێگای سەخت و دووری تێكۆشانەوە، گوڵچنی كولتوور و ئەدەب و مێژووی شۆڕشی كوردستانی كردووە. دوای خۆیشی، گەنجینەیەكی گەورەی سیاسی، میژوویی، كۆمەڵایەتی، و زمانەوانی بۆ ‌جێهێشتووین.
یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، هەمیشە بە چاوی وەفادارییەوە دەڕوانێتە خەباتی كاك نەوشیروان و هەڤاڵەكانی لەناو یەكێتی، كە لە پێناو ئازادی و دیموكراسی و دادپەروەری و مافی چارەی خۆنووسیندا، شۆڕشی نوێی گەلی كوردستانیان هەڵگیرساند.
ئەمڕۆ و نزیك بە نیو سەدە دوای ئەو رۆژگارە، كوردستان لە هەمووكات زیاتر پێویستی بە سیاسەتی حەكیمانەی مام جەلال و راشكاویی كاك نەوشیروانە و جێگەی خاڵیی ئەم دوو هاوڕێیەی خەبات، بە روونی لە تانوپۆی كوردەواریدا هەستی پێدەكریت.
لە یادمانە دوا هەنگاوی سیاسیی مام جەلال و كاك نەوشیروان، كاركردن بووە بۆ دروستكردنی سەركردایەتیی هاوبەشی یەكێتی و گۆڕان. ئەمڕۆ ئێمە دریژەدان بەو هەنگاوه،‌ بە ئەركێكی سەرەكی خۆمان دەزانین و خەباتی بۆ دەكەین.
بەو هیوایەی یەكخستنی ریزەكانمان لە پێناو خزمەتكردنی شایستەی خەڵكی كوردستان، رۆحی ئەوان و سەرجەم شەهید و تێكۆشەرانی ئەم رێبازە ئاسوودە بكات.

سەرۆكایەتیی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان


شەپۆلەکانی نەوا

  • زۆرترین خوێندراو
  • دواترین هەواڵ
Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group