نەوا-لاڤە كوردە
ژمارەیەك لە دانیشتوانی ناحیەی تەكیەی قەزای چەمچەماڵ خۆپیشاندان دەكەن و رێگە لە گواستنەوەی تانكەری سوتەمەنی دەگرن.
لەوبارەیەوە رەمك رەمەزان قائیمقامی چەمچەماڵ لەلێدوانێكدا بۆ رادیۆ نەوا وتی "ئەمڕۆ كۆمەڵێك هاووڵاتی ناحیەی تەكیەی جەباری رێگەیان لە تانكەرەكانی ناوچەی كۆرمۆر گرتوە و دوای ئەوەی پەیوەندیمان كرد بە بەڕێوەبەری ناحیە و بەڕێوەبەری ئاسایشی ناحیەكەوە، پێیانوتین بەهۆی كەمبونەوەی كارەباوە خۆپیشاندانە".
وتیشی "بەداخەوە داواكاریەكە هی ئەوەنییە رێگە لە بژێوی خەڵك و ئەو تانكەرانە بگرن، چونكە كەمبونەوەی كارەبا گشتییە و پەیوەندیمان بە كۆنتڕۆڵی كارەبای سلێمانییەوە كردوە و لە دەسەڵاتی ئێمەدا نییە، بەردەوام چی باش بوە كردومانە و لە خزمەت دانیشتوانی ناوچەكەداین".