نەوا-لاڤە كوردە
بەپێی ئامارێكی بەڕێوەبەرایەتی بەرگریی شارستانیی عیراق، كە ئاگركەوتنەوەكانی ئەمساڵی ناو كێڵگە كشتوكاڵییەكانی پارێزگاكانی بڵاوكردەوە، كەركوك بە سوتانی 666 دۆنم زەوی گەورەترین زیانی بەركەوتوە، ئەندامێكی ئەنجومەنی پارێزگاكەش نهێنییەك ئاشكرادەكات و دەڵێت "تەنها زەوی جوتیارە كوردەكان دەسوتێنرێت".
ئەحمەد عەسكەری ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك لەمیانی بەشداریكردنی لە بەرنامەی "شەقام"ی رادیۆ نەوادا وتی "لەئێستادا چەكدارانی داعش جارێكی تر چالاكی ئەنجام دەدەنەوە، بەڵام ئەمساڵ زیاتر بەرنامە داڕێژراوە و بەداخەوە جۆرێكە لە تەعریبكردن و زەوی جوتیارە كوردەكان دەكرێنە ئامانج نەك لە كەركوك، بەڵكو ناوچە كوردنشینەكان لە موسڵ و خورماتوش كراونەتە ئامانجی داعش".
وتیشی "پێمانوایە بە تەنها داعش نین و عەرەبە شۆڤێنیەكان هاوكاریانن".
هەر لە بەرنامەكەدا قەیس عەبدولڕەزاق وتەبێژی بەرگریی شارستانیی كەركوك وتی "هەر لە سەرەتای وەرزی دروێنەوە وەك تیمی بەرگریی شارستانی ئامادەكاریمان كردوە و ئەمساڵ كەمترین زیان هەیە و 12 حاڵەتی ئاگركەوتنەوە هەبوە، كە زیاتر لە 600 دۆنم سوتاون".