فایەق گوڵپی: زوو دەركەوت پەرلەمان و دامەزراوەكانی دیكە دەزگای حزبیی پارتی و یەكێتین

19/05/2020

نەوا
پەرلەمانتارێكی خولی یەكەمی پەرلەمان دوپاتیدەكاتەوە، سەرەتا پێیان وابووە پەرلەمانی كوردستان تەواوی كێشە سیاسی و ئابورییەكانی هەرێم چارەسەر دەكات، بەڵام دوای ماوەیەك دەركەوت وا نییە و تەنها دەزگایەكی حزبیی پارتی و یەكێتییە.
د. فایەق گوڵپی سەرۆكی ئەكادیمیای سیاسەت و هزری سیاسی، كە ئەندامی خولی یەكەمی پەرلەمانی كوردستانیش بوو، لەمیانی بەشداریكردنی لە گفتوگۆی "نیو كاژێر"ی رادیۆی نەوا، كە تایبەت بوو بە یادی 28 ساڵەی دامەزراندنی پەرلەمان، رایگەیاند، ئەو كەسانەی لە خولی یەكەمی پەرلەماندا بوونە ئەندام وایاندەزانی پەرلەمان هەرچی كێشەی سیاسی و ئابوری و كۆمەڵایەتی و كلتوریی هەرێمی كوردستان هەیە چارەسەری دەكات، بەڵام دوای ماوەیەك بۆیان دەركەوت ئەو ئەركانەی پەرلەمان هەیەتی لە چاودێریكردن و دەركردنی یاسا، وەك ئەوە نییە كە چاوەڕێیان دەكرد.
ئەندامەكەی خولی یەكەمی پەرلەمانی كوردستان وتیشی، ئەوان چاوەڕێیان كردووە دامودەزگای دەوڵەتی و پەرلەمان و حكومەت و دەسەڵاتی دادوەری و دەستور هەبێت، بەڵام دەركەوت كە پەرلەمان و دامودەزگاكانی دیكەش دەزگای حزبیی پارتی و یەكێتی بوون، ئەو حزبانە لە دوای راپەڕینەوە ئامانجی سەرەكییان لە سیاسەتدا خزمەتكردنی میللەت و بەدامەزراوەییكردن و بەدەوڵەتیكردنی دامەزراوەكان نەبووە، بەڵكو ئامانجی سەرەكییان ئەوەیە چۆن یەكێكیان بەسەر ئەوەی دیكەدا سەربكەوێت.
لەبارەی ئەزمونی ئۆپۆزسیۆنیی پەرلەمانیشەوە فایەق گوڵپی رایگەیاند، ئەو چوار ساڵەی بزوتنەوەی گۆڕان پرۆژەی چاكسازیی هەبو و پێكەوە لەگەڵ یەكگرتوو و كۆمەڵ بوونە ئۆپۆزسیۆن، ئەو چوار ساڵە ئەزمونێكی باشی ئۆپۆزسیۆنی پەرلەمانی بوو، بەڵام دەبوو بەردەوام بن، بەداخەوە زوو ماندوو بوون و تەنگەنەفەس بوون.


شەپۆلەکانی نەوا

  • زۆرترین خوێندراو
  • دواترین هەواڵ
Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group